یەكێتی لە دۆخی كەركووك ناڕازییە

:: PM:02:21:20/06/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر دۆخی تەناهی شارەكە ناڕازییە و ئاشكرای دەكات سكاڵای یاسایییان تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ئەڵماس فازڵ بریاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی عێراق لە كەركووك كاری ناڕەوا بەرانبەر بە هاووڵاتییانی شاری كەركووك ئەنجام دەدەن.

بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، بەهۆی تەقەكردنی هێزە تەناهییەكان بەسەر خەڵكدا منداڵێك لە كەركووك شەهید بوو، هەروەها ژنێكی تر لە ناوچەی شۆراو شەهید كرا، جگە لەوەش لە هاتن و چوون بۆ كەركووك ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان دروست دەكەن.

ئەڵماس ئاشكرای كرد، هێزە تەناهییەكان ناتوانن خەڵكی كەركووك بپارێزن و دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن، چەكدارانی داعش بە ئارەزووی خۆیان دێنە ناوچەكە خەڵك دەگرن و دەكوژن، هەروەها سكاڵامان تۆمار كردووە ئەوە یەكەمجار نییە سكاڵا دژی هێزەكانی عێراق لە كەركووك تۆمار دەكەین بەهۆی ڕەفتارەكانیان.

دوای خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بارودۆخی كەركووك و ناوچەكە بەتەواوی شێواوە و داعش و هێزەكانی حەشدی شەعبی بەردەوام ئازاری هاووڵاتییان دەدەن.



وشە - رامیار جەواد