بوونی كێشه‌ له‌ په‌نكریاس تووشی چ نه‌خۆشییه‌كتان ده‌كات

:: PM:03:24:20/06/2018 ‌
پەنكریاس یەكێكە لە ئەندامە گرنگەكانی لەش بە تایبەتی بۆ كرداری هەرس، دەكەوێتە نزیك گەدەوە و شێوەیەكی درێژی هەیە، دوو سوودی گرنگی هەیە یەكەم یارمەتی شكاندنی ئەو خۆراكانە دەدات كە دەیانخۆین لەلایەن ئەنزیمی سەكرەتینگ لە ریخۆڵەی بچوكدا .دووەم، ئاستی شەكر رێك دەخات بەهۆی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئەنسۆلینەوە.

بەهۆی بوونی ئەم ئەركە گرنگانەی پەنكریاسەوە كە ئەنجامی دەدات، هەبوونی بچووكترین گرفت لەم ئەندامەدا زیان بە لەش دەگەیەنێت و لەش تووشی گرفتە تەندروستییەكان دەكات.

چەندان گرفتی جیاواز  هەیە كە دەبنە هۆی گۆڕینی هەوكردن بۆ شێرپەنجە لە پەنكریاس دا،ئەو نیشانانەی كە لەكاتی باش كارنەكردنی پەنكریاسدا دەردەكەن ئەمانەن:

یەكەم: كاڵبوونەوەی ڕەنگی پیسایی، چونكە یەكێك لە فرمانە گرنگەكانی پەنكریاس یارمەتیدانی كرداری هەرسە، لەوانەی چەند نیشانەیەكی سەیر لە پیسایدا بەدی بكرێت، ئەگەر گرفتی پەنكریاست هەبێت، پزیشكەكانی ئەم بوارە دەڵێن، پیسایی لەكاتی گرفتی پەنكریاسدا رەنگەكەی كاڵتر دەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەكاتی هەستكردن بەم نیشانەیە سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

دووەم: هێڵنجدان و ڕشانەوە لە دوای ژەمەكان، سیستەمی هەرسی تووشی چەندان پێشهات دەبێت ئەگەر لە پەنكریاسدا گرفتێك بوونی هەبێت.بەتایبەتی لەدوای خواردنی چەور، خۆراكی ناتەندروست لەوانەیە هێڵنجدان و ڕشانەوە دروست ببێت، هەبوونی ئەم نیشانەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوكردنی پەنكریاس، بەهۆی ئەو ڕژێنانەی كە بۆ هەرسكردن بەرهەمی دەهێنێت و دووبارە بۆ پەنكریاس دەگەڕێتەوە و تووشی هەوكردن دەبێت.

سێیەم: ئازاری سك، بەتایبەتی لە دوای خواردنی ژەمەكان، ئەم ئازارە بەشێوەیەكی گشتی وەكو سوتاندنێك دروست دەبێت، ئازارەكە لە بەشی سەرەوەی سك دروست دەبێت، چونكە ئەو شوێنەیە كە پەنكریاس تێیدا جێگیرە.

چوارەم: دابەزینی كێشی لەش بەشێوەیەكی ناتەندروست، هەندێك نەخۆشی لە پەنكریاس دا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، چونكە خواردنی چەور و هەندێك خۆراكی تر دەبنە هۆی دروستبوونی ئازار یان هێڵنجدان ئەمەش وا دەكات تۆ لەم خواردنانە بەدوور بیت، بۆیە بە شێوەیەكی نائاسایی كێشی لەشت كەم دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر خواردنت ئاسایی بێت هێشتا كێشی لەشت كەم بكات، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ باش هەرسنەكردنی ئەو خۆراكەی كە دەیخۆیت بەهۆی باش كارنەكردنی پەنكریاسەوە روودەدات.

پێنجەم: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، وەك پێشتر باسكرا پەنكریاس ئەنسۆلین رێك دەخات. كە هۆرمۆنێكە بۆ رێكخستنی شەكر لە خوێندا، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست ئەنسۆلین بەرهەم نەهێنرێت ئاستی شەكر لە خوێندا زۆر زیاد دەكات.لە ئەنجامدا نەخۆشی شەكرە دروست دەبێت.



وشە - ئاوات ئازاد