دوای 14 ساڵ یەكەم گەشتی ئاسمانی لە مۆسكۆوە بۆ بەغدا ئەنجام دەدرێ

:: PM:03:39:20/06/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم یەكەم گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەی مۆسكۆوە بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا ئەنجام دەدرێت و ئەمەش بە یەكەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو پایتەختە لە 14 ساڵی رابردوو هەژمار دەكرێت.

كۆمپانیای  ریدینگزی رووسیا مۆڵەتی رێكخستنی گەشتەكانی نێوان مۆسكۆ و بەغدای لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق وەرگرتووە.

ساڵی رابردووش لە نێوان ئەم دوو پایتەختە یەك گەشت ئەنجام درا كە لە بەغداوە بۆ مۆسكۆ بوو لە 13 ساڵ پێشتریشدا گەشتی هاوشێوە رێك نەخرابوو.

بەگوێرەی "ئیرنا" دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 رژێمی بەعس لە لایەن ئەمەریكاوە رووخێنرا، رووسیا سەرجەم گەشتەكانی خۆی بۆ عێراق وەستاند و رای گەیاند بە هۆی ئەوەی كە ئاسایشی ئاسمانیی عێراق پارێزراو نییە ئامادە نییە هیچ گەشتێك بەرەو عێراق ئەنجام بدات و هەموو ئەو گەشتانەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجام دەدران بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بوون.

پێویستە بگوترێت فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵكەوتووە كە لە لایەن ئەمەریكییەكانەوە دەپارێزرێت .




وشە - سلێمان تاشان