سزای ئەو قوتابیانە دەدرێ لە تاقیكردنەوەكان گزییان كردووە

:: PM:03:47:20/06/2018 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات ژمارەیەك لە قوتابی لە تاقیكردنەوەكانی كۆتا (گزی) یان قۆپیەیان كردووە و لێیان گیراوە، وەزارەتی پەروەردەش سزای دیاری كردووە بۆیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، كەریم لەتیف بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بێگومان هاوشێوەی ساڵانی پێشوو گزی یان بڵێن قۆپیە هەبووە لە تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكان.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە گوتی، ئەو كەسانەی قۆپیەیان لێ گیراوە لەلای وەزارەتی پەروەدەوە دیاری كراون، بەڵام ئێمە بەهۆی ڕەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی كەسەكان ڕای ناگەیەنین.

بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان هەر قوتابییەك گزی یان قۆپیە بكات، ئەوا سزا دەدرێت بەدوو شێوە.

لە بەشێكی سزاكان هاتووە، قوتابی كە گزی كردووە لە تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ بێبەش دەكرێت، هەروەها بۆ ساڵیی دواتریش مافی بەشداری تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكانی نییە.


لە كۆتای مانگی ئایار تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، وەزارەتی پەروەدە چەندان ڕێ و شێوازی بەكارهێنان بۆ ڕێگریی لە گزی و قۆپیە وەك بڕینی هێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد