رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كەمتەرخەمی نەكرد لە گەمارۆدانی رێكخراوی فەتحوڵا گوڵەن و بەستنی رێگە لەبەردەمی بۆ كێبەركێكردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی، بەڵام ئەوەی ئەردۆغان حسێبی بۆ نەكردبوو هاتنە پێشەوەی كەسایەتییەكی تری ئیسلامی جیا لە گولەن و عەبدوڵا گویل بوو كە ناچاری پاشەكشەكردن كرا.
ركابەری ئەوجارەی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكەكەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتییە كە لە 24ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت بریتییە لە پارتی سەعادەت و تیمیل كەرەموڵائۆغڵۆی سەركردەكەی كە دەرچووی قوتابخانەكەی نەجمەدین ئەربەكانی رابەری پێشووی ئەردۆغان كە دواتر لێی هەڵگەڕایەوە.
پارتی سەعادەت لە هەمان بزاوی سیاسی نەجمەدین ئەربەكان ( 1926-2011 و رابەری ئەردۆغان) سەرۆكی پێشووتری حكوومەتی توركیا سەرچاوەی گرتووە كە بۆ یەكەمجار ئیسلامی سیاسی هێنایە سەر دەسەڵات لە وڵاتێكی بنەما داكوتاو لەسەر سیستەمی عەلمانیەت.
كەرەموڵائۆغڵۆ (77 ساڵ) كە لە 2016ەوە سەركردەی پارتی سەعادەت دەكات، ئاماژەی كرد كە پارتەكەی جیاوازە لە پارتی داد و گەشەپێدانی بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان لەدوای دووركەوتنەوەی لە پرەنسیپیە سەرەكییەكانی و گوتی، ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2002 ئەو پرەنسیپانەی راگەیاند كە بریتین لە دادوەری و دیموكراسی و ئازادی دەربڕین و ئازادی بیركردنەوەن، بەڵام پێدەچێت ئێستە ئەوانەی وەلا نابێت.
پارتی سەعادەت بریتییە لە بزاوێك كە ئەربەكان دەستی پێ كرد و سەری دامەزراوەی عەلمانیەتی توركیای سوڕاند، ئەو دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی وەك ئەردۆغان و گویل پێگەیاند، دواتر ئەربەكان پارتی سەعادەتی دامەزراند لەو كاتەی ئەردۆغان و هاوەڵەكانی لە 2002 پارتی داد و گەشەپێدانیان راگەیاند دوای ئەوەی لەگەڵ مامۆستاكەیان رێك نەكەوتن.
ئێستە پارتی سەعادەت خاوەن كورسی پەرلەمانی نییە، چونكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 2015 تەنیا 0.7%ی دەنگەكانی هێنا، بەڵام ژمارەیەك راپرسی پێشبینی رۆڵێكی بەهێزتری بۆ دەكەن ئەمجارە كە بتوانێت بچێتە پەرلەمان و ركابەرییەكی بەهێز بكات.
ئەنتۆنی سكینەر، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە سەنتەری توێژینەوەی (فیریسك مایبلكرۆفت) لەو بارەوە دەڵێت، ئۆغڵۆ شوێنگرەوەیەك پێشكەشی لایەنە دیندارەكان دەكات كە هەست بەبێزاری و نائومێدی لەبەرانبەر ئەردۆغان دەكەن و زیاتر گوتی، پارتی سەعادەت و كەرەموڵائۆغڵۆ رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە هەڵبژاردن لە رێگەی توڕەكردنی ئەردۆغانەوە.
لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەوەی پەرلەمانیش بەڕێوە دەچێت، پارتی سەعادەت چووەتە پاڵ پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن كە دەیانەوێت پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە زۆرینەی ناو پەرلەمان دوور بخەنەوە، لەو كاتەی ئەردۆغان پێویستی بە 50%ی دەنگەكان هەیە بۆ مسۆگەركردنی بردنەوەی لە یەكەم خولی كێبەركێی سەرۆكایەتی لە توركیا.
سكینەر زیاتر دەڵێت، خۆكاندیدكردنی كەرەموڵائۆغڵۆ لە كێبەركێی سەرۆكایەتی گرنگی خۆی هەیە بەو پێیەی دەنگەكانی ئەردۆغان دەبات كە زۆر پێویستی پێیان هەیە پێویستی بۆ نەكەوتنە ناو دووەم خولی كێبەركێیەكە كە رەنگە بۆ ئەو سەختتر بێت.
دوای پێوەندیكردنی بە "هاوپەیمانی نەتەوە"ی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە بەرانبەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیا، دەسەڵات و بنكەی جەماوەری پارتی سەعادەت زیاتر بووە كە لە نێوان هاوبەشانی پارتی گەلی كۆماری عەلمانی پێچەوانەی بیروبۆچوونەكانی هەیە، بەڵام بوونیان لەناو یەك هاوپەیمانی مانای ئەوەیە رەنگە پارتی سەعادەت بتوانێت بچێتە ناو پەرلەمان، كاتێك پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن هاوڕان لەگەڵ پارتی سەعادەت بەرەتكردنەوەی هەموواركردنەوەی دەستوور كە لە 2017 لە راپرسییەك خرایە روو و دەسەڵاتی فرەوانی بەئەردۆغان دا.
كەرەموڵائۆغڵۆ سەركردەی پارتی سەعادەت كە بەشداری لە كێبەركێكە دەكات، دەیەوێت ئەردۆغان بخاتە ناو دووەم خولی هەڵبژاردنەكەوە كە هەر ئەوەیە سیناریۆكەی زۆرینەی چاودێران پێشبینی دەكەن، زیاتر لەوەیش شرۆڤەكاران دەڵێن رەنگە ئەردۆغان ئەگەر ئەنجامەكانی بەدڵ نەبێت پرۆسەكە هەڵبوەشێنێتەوە.
لای خۆیەوە زولفیقار دۆغان، نووسەر لە ماڵپەڕی "ئەحوال"ی توركیا ئاماژە دەكات كە درووشمی "رەنگە هەر شتێك لەهەر ساتێكدا روو بدات"، هاوەڵی ئەو هەڵبژاردنە بێت، ئاماژەی كرد، جۆرێك مەترسی هەیە بەگەڕانەوەی دۆخی ترس و پشێوی و سەرهەڵدانی توندوتیژی لە شەقامەكان و دوای ئەوە هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان بەهۆكاری خراپی دۆخی تەناهی.
راپرسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رەنگە هاوپەیمانی هەڵبژاردنی ئەردۆغان رێژەیەك لە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست بدات و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش روو بكاتە دووەم خول، بەڵام دەوڵەت بەهچەلی سەركردەی پارتی بزاوی نەتەوەیی توركیا بەدووری نەزانی كە ئەگەر هاوپەیمانیەتەكەی لەگەڵ حزبەكەی و داد و گەشەپێدان لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان فەشەل بێنن، هەڵبژاردنێكی تر ئەنجام بدرێت.