دژی تێكچوونی دۆخی تەناهی..خەڵكی خانەقین مان دەگرن

:: AM:09:10:21/06/2018 ‌
دژی توندوتیژی و كوشتن و بڕین، ئەمڕۆ دانیشتووانی خانەقین مانگرتن ڕادەگەیەنن و داواش لە حزبەكان دەكەن خۆیان نەكەن بە خاوەن و دەستوەردان نەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، پارێزەر عەبدوڵا خانەقینی چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بارودۆخی تەناهی خانەقین بەتەواوی تێك چووە مانگرتنەكە لە لایەن كۆمەڵێك كەسی سڤیل و سەربەخۆوە رێكخراوە، هیوادارین هیچ حزب و لایەنێك خۆی نەكاتە خاوەنی.

ئەو چالاكە لە خانەقین دەڵێت، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی ئاڵۆزی ڕەوشی تەناهی سنوورەكە بانگەوازەكەمان بۆ مانگرتنی گشتی كراوە، چونكە بەشێوەیەكی بەردەوام پاش ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر ڕەوشی تەناهی ئاڵۆز بووە كەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نییە.

عەبدوڵا ئاشكرای كرد بۆ مانگرتنەكەی ئەمڕۆ داوا لە دووكاندار و هاووڵاتییان كراوە، نەچنەوە سەركار و لەماڵەوە بمێننەوە، تا كۆتای ئەو ماوەیەی دیاری كراوە، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی ناڕەزایییەكە بە سەركردایەتیی كورد و حكوومەتی ناوەندی عێراق بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی سەربازی یەكێتی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی تا ئێستە ئەو سنوورانە ئارام نییە و بەردەوام تەقینەوەی لێ‌ ڕوو دەدات و لەدواین دوو تەقینەوەی سنووری خانەقین پێنج هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.


وشە - رامیار جەواد