لۆپیتیگی هەلێكی نوێ بە یاریزانە زیزبووەكانی ریال مەدرید دەدات

:: AM:11:29:21/06/2018 ‌

جولین لۆپیتیگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری دا هەلێكی نوێ بەو یاریزانانەی تیپەكەی بدات كە بەهۆی فەرامۆشكردنەوە زیزببوون.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: لۆپیتیگی لەگەڵ هاتنی بۆ یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە هەلێكی نوێ بەو یاریزانانە بدات كە لەسەردەمی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی لە پلە دوو جێگیركرابوون.

پەیامەكەی لۆپیتیگی بەتایبەت بۆ ماركۆس یۆرێنتی و دانی سیبایۆس بووە كە لە وەرزی رابردوو بەبڕیاری زێدان لە زۆربەی یارییەكان فەرامۆش كرابوون.

راهێنەرە نوێیەكەی یانەی ریال مەدرید لە ماوەی ئامادەكارییەكانی تیپەكەیدا بۆ وەرزی داهاتوو بەڕژدی چاودێری ئاستی هەردوو یاریزانەكە دەكات و هەلی زیاتری یاریكردنیان پێ دەدات تا تواناكانیان دەربخەن.

یۆرێنتی و سیبایۆس پێشتر بڕیاریاندابوو ریزی یانەی ریال مەدرید جێبهێڵن بەهۆی فەرامۆشییەكانی زێدانەوە، بەڵام ئێستا هەموو توانایەكی خۆیان دەخەنەگەڕ تا بڕوا و سەرنجی لۆپیتیگی بۆ خۆیان راكێشن و لە ركابەرییەكانی وەرزی داهاتووی یانەی شاهانەدا یارییان پێ بكرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م