وێنە.. خانەقین مانگرتن بەردەوامە و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكرێ

:: AM:11:49:21/06/2018 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم خەڵكی خانەقین دژی تێكچوونی دۆخی تەناهی شارۆكەكە دەستیان بە مانگرتن كرد، شەقام و بازاڕ چۆڵ كران و دووكانەكان داخران، هاوكات خەڵكی شارۆكەكە بۆ جێگیركردنی دۆخی تەناهی گەڕانەوەی پێشمەرگە بە باشترین چارەسەر دەزانن، دوای ئەوەی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە لە ناوچەكە پاشەكشەی پێ كرا.

ئەمیر عەلی چالاكی مەدەنی لە شارۆكەی خانەقین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو هەڵوێستەی لەلایەن خەڵكی خانەقینەوە ڕاگەیەنراوە، هەڵوێستی سەرجەم خەڵكی شارۆكەكەیە بەرانبەر خراپی دۆخی تەناهی، بۆیە سەرجەم خەڵكی خانەقین بە دەم بانگەوازی مانگرتنەوە هاتوون و دووكانەكانیان نەكردووەتەوە و شار كپ و شەقامەكان چۆڵە.

خالید ئیبراهیمی دووكاندار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سایەی هێزی میلیشیاكان و سوپا و پۆلیس و نەمانی پێشمەرگە ترس و دڵەڕاوكێ بەرۆكی خانەقینی گرتووە، ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە مانمان گرتووە.

سەمیر محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین بۆ "وشە" گوتی، ئەنجوومەنی شارەوانی پشتیوانی مانگرتنی خانەقین دەكات، نووسراوی فەرمیشمان ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە كردووە و دووپاتمان لەوە كردووەتەوە كە كوشتن و ڕفاندن لە ناوچەكەمان بووەتە دیاردە و فەرماندەیی دیالەمان ئاگەدار كردووەتەوە كە زانیاری لەسەر دۆخی ناوچەكە بە سەرۆك وەزیران بدات، تا پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە و ئارامی بۆ خەڵك و شارەكەیش دەستەبەر بكرێ.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجامیان دا، خانەقین و خورماتوو و كەركووك ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرا، بەوهۆیەوە دوو هەزار خانووی هاووڵاتییانی كورد ڕووخێنران و تەقێنرانەوە، 170 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون و كوشتن و بڕین و تاڵانی لە ناوچەكە ئێستەیش بەردەوامی هەیە و دۆخی تەناهیش بە تەواوی نائارامە و خەڵك لە سەلامەتی خۆیان و سەروماڵیان دڵنیا نین.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.





















وشە - باز ئه‌حمه‌د