ئەمینداری یەكگرتوو هەڵوێستی لەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ ڕاگەیاند

:: PM:01:36:21/06/2018 ‌
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵوێستی حزبەكەی ئاشكرا كرد لەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و دەڵێت، دەنگەكان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ ئێمە قبووڵی دەكەین هەرچییەك بێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەندێك جار دەنگی تایبەت بە چەواشەكاری بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكار هاتووە، حزبەكان دەنگی تایبەت بەهێزە تەناهییەكان دەبەستنەوە لەكاتێكدا دەنگی تایبەت گرتووخانە و نەخۆشخانەكانیش دەگرێتەوە.

ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، خوازیارین ئەو بڕیارانەی دادگا فیدڕاڵی جێ بگرێت و جێبەجێ‌ بكرێت و ئێمە پشتگیرییان دەكەین، هەروەها دوای پێداچوونەوەی دەنگەكان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ ئێمە قبووڵی دەكەین هەرچییەك بێت، ئەوەی تریش دەڵێن دەنگەكان گۆڕانكاری تێدا كراوە، ئێمە بۆ ئەوە پێویستمان بە بەڵگە هەیە.

بەهادین ئاشكرای دەكات، بۆیە پێویستە هێزە تەناهییەكان دەزگای پێوەندیدارەكان پێویستە زیاتر چاوكراوە بن و بەدەستهێنانی دوو كورسی زیاتر هێندە ناهێنێت ئەو ئاژاوەیە دروست بكرێت، بۆیە داوا لە هێزەكان دەكەم واز لە گزی بێنن.

لەبارەی ئەگەری دواخستنی كاتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەهادین گوتی، ئێمە دەمانەوێت ڕێز لەو كاتە بگرین كە دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئەگەر بزانین بە دواخستنی بۆ چەند مانگێك، ئەوا بۆمانی ڕوون بكەنەوە سوودی چییە بۆ كوردستان، ئەو كاتە بڕیاری خۆمان دەدەین.





وشە - رامیار جەواد