حكوومەتی ئێران لە بڕیارێكی نوێدا نرخی یەكێك لە گرنگترین پێداویستییەكانی خەڵكی ئێرانی بەرز كردەوە كە سووتەمەنی گاز "غازە"ە.
نرخی ئەو سووتەمەنییە لەسەر خەڵك بە رێژەی 15% بەرز كراوەتەوە و ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆك كۆماری ئێران واژووی لەسەر فەرمانەكە كردووە.
بەگوێرەی "
مێهرنیوز" داهاتەكە دەچێتە نێو سندووقی كۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران كە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا ئاماژەی پێ كراوە و هەر لە یاسای بودجەشدا پەسند كراوە.
گازی ماڵان بە لوولە بۆ سەرجەم شار و شارۆكەكانی ئێران راكێشراوە و هەموو ماڵێك لەم خزمەتگوزارییە سوودمەندە. ئەو خزمەتگوزارییە تەنانەت بۆ بەشێكی بەرچاو لە گوندەكانیش راكێشراوە. سیاسەتی ئێران ئەوەیە گاز بە هەموو ماڵیك بگات ئەگەر لە گوندێكی دووردەستیش بێت .
لە ئێران كە وەرزی سەرما زیاتر لە شەش مانگ دەخایەنێت و خەڵك بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان پشت بە گاز دەبەستن، لە وەرزی گەرماشدا تەنیا بۆ كاروباری چێشتخانە و گەرمكردنی ئاو سوود لە گاز وەردەگیرێت.
هاوشێوەی كارەبا پێوەر بۆ گازی ماڵان دانراوە و مانگانە وەزارەتی نەوتی ئێران كرێی گاز لە خەڵك وەردەگرێت كە بەگوێرەی مەتر سێجایە و تا زیاتر خەرج بكرێت، ئەوا كرێكەشی زیاتر بەرز دەبێتەوە.
ئێران جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ بە گاز بۆ دەرەوەی وڵاتیشی هەناردە دەكات.