بەدەستڕێژی گولـلە گەنجێك لە كەسنەزان كوژرا

:: PM:02:32:21/06/2018 ‌
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێك لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی ڕەش دەستدرێژی فیشەكی لێ دەكرێت و دەكوژرێت، بەرپرسێكی ئەو سنوورەش دەڵێت، هۆكاری كوشتنەكە كێشەی كۆمەڵایەتی بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، جەمال مەنتك بەڕێوەبەری شارەدێی كەسنەزان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووداوێكی كوشتن لە سنووری كەسنەزان هەبوو.

بەڕێوەبەری شارەدێی كەسنەزان دەڵێت، گەنجێك لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی جۆری شۆفرلێت ڕەنگ ڕەش دەستڕێژی فیشەكی لێ كراوە و كوژراوە، بكوژەكە هەڵاتووە ئێستە نەگیراوە.

مەنتك زیاتر گوتی، هۆكاری كوشتنی ئەو گەنجە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی بووە، ئێستە لە بنكەی پۆلیسی كەسنەزان پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و پۆلیس خەریكی بەدواداچوونە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە دوو ساڵ لەمەوبەر ڕووداوێكی لەو شێوەیە هەبوو دوێنێش ڕووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی كورانی هەولێر هەبوو كە بەردەوامی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆكاری زیادبوونی خۆ كوشتن و كوشتن لە ساڵانی پێشوو و ئەمساڵ، هەروەها زۆربوونی چەك لەماڵان بە بڕوای بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆكارێكی تری زۆربوونی كوشتن و خۆكوشتنە لە هەرێمی كوردستان، ئەمساڵیش خۆكوشتن و كوشتن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیادی كردووە.



وشە - رامیار جەواد