ئامانجی هەژمار نەكردنی دەنگی پێشمەرگە ئاشكرابوو

:: PM:03:04:21/06/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بە گرنگی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە گەڕاندنەوەی دەنگی تایبەت و پێشمەرگە دەكات و دەڵێت، ئەو لایەنەنانەی ویستیان دەنگی پێشمەرگە هەژمار نەكرێت، دەیانویست ناوماڵی كوردی زیاتر پەرتەوازە بكەن.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی وەڵامی چەند سكاڵایەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دایەوە و لەناو سكاڵاكانیشدا وەڵامی سكاڵایەكی پارتی دایەوە كە داوای كردبوو دەنگی تایبەت و پێشمەرگە هەژمار بكرێت نەك وەك ئەوەی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بڕیار درابوو دەنگەكان هەژمار نەكرێت.

لەبارەی كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارە ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەناو یاساكەی پەرلەمانی عێراق زۆر بە نادەستووری باسی رەتكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و تایبەت كرابوو، لەكاتێكدا بەپێی دەستوور پەرلەمان دەسەڵاتی رەتكردنەوەی دەنگی نییە.

زیاتر گوتی، ئێستە دەركەوت پێشمەرگە لە دژایەتییەكی تری بەغدا و چەند لایەنێكی تری سیاسیی كوردستان ڕزگاری بوو بەهۆی سكاڵایەكی پارتییەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەنگەكانی هەژمار دەكرێت و ئەوە پێچەوانەی مادەی 61ی دەستوور بوو.

پەرلەمانتارەكەی عێراق كە لە فراكسیۆنی پارتییە ڕوونی دەكاتەوە كە هەوڵدان بۆ هەژمار نەكردنی دەنگی پێشمەرگە چەند مەبەستێكی لە دوا بووە و لایەنە عەرەبەكان دەیانویست دۆخی سیاسیی عێراق تێك بدەن و لایەنە كوردییەكانیش دەیانویست یەكڕیزی ناوماڵی كورد تێك بدەن و دۆڕابوون لە هەڵبژاردنەكاندا.

جاف دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێشنیازی رەتكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە "قەڵەمێكی شین" لەسەر پڕۆژەكە زیاد كراوە. ئەو دەڵێت" لایەنەكان نەیانتوانی دەنگی پێشمەرگە تیرۆر بكەن".  هەروەك ئەو پەرلەمانتارە ئەو بڕیارانە بە سەركەوتنی دادگای فیدراڵی و پێشمەرگە هەژمار دەكات.  

پێشمەرگە لەماوەی ڕابردوو بەچەندان شێوە لەلایەن بەغداوە دژایەتی كراوە سەرباری بڕینی بودجەی و پێنەدانی چەك هەوڵ هەبوو دەنگەكانیشیان بۆ هەڵبژاردن هەژمار نەكرێت كە چەندان جار سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كردووە، هەژمار نەكردنی دەنگی تایبەت و پێشمەرگە جێی قبووڵكردن نییە.

لێرە دەتوانن بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق بخوێننەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم