داعش پێگەی نهێنی لە سنووری مەخموور هەیە

:: PM:03:22:21/06/2018 ‌
جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە سنووری ناوچە كێشە لەسەرەكان، هاووڵاتییانی بەتەواوەتی نیگەران كردووە. بەرپرسێكی ئەو سنوورەش دەڵێت، ئێستە داعش پێگەی نهێنی هەیە لە سنوورەكە.

عەلی مەولوود كە دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی سنووری شارۆكەی مەخموورە ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، داعش لە چیای قەرەچووغ بوونی هەیە و كەس ناتوانێت سەردانیان بكات سنووری پێشمەرگە پارێزراوە، بەڵام لە سنووری حەشدی شەعبی كەس ناتوانێت بچێتە دەورووبەری قەرەچووغ.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، كاتێك شوانكارەكانمان دەچنە دەرەوە دەڵێن، بەبێ‌ ئەوەی هیچ شوێنەوارێكیان هەبێت لە پڕ دەردەكەون ئەگەر بیانەوێت دەتوانن هەر هاووڵاتییەك بگرن، دەنا خۆیان بە فیشەكی هەوایی دوورمان دەخەنەوە.

ڕزگار محەمەد قایمقامی مەخموور بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، داعش لە ماوەی ڕابردوو جموجۆڵی زۆری هەبوو لە سنوورەكە، بەڵام ئێستە ئەو جموجۆڵەی نەماوە وەك جاران.

قایمقامی مەخموور دەڵێت، ئێستە داعش چەند پێگە و بارەگایەكی نهێنی هەیە لە سنوورەكە و ئەو مەترسییەی جارانیان نییە.

ڕزگاری ئاشكرای دەكات ئێستە ڕێیەكەی نێوان مەخموور و شار و شارۆكەكان ئارامە و هیچ جموجۆڵێكی داعش لەسەر ڕێیەكان نییە.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكۆتبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی سەربازی یەكێتی بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان كەوتە دەست چەكدارانی حەشدی شەعبی بەمەش بەشێكی زۆری ناوچە كێشە لەسەرەكان ئێستە نائارامە.
 




وشە - رامیار جەواد