لە هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان كێ زەرەر دەكات؟

:: PM:06:04:21/06/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی یاسای سێیەم هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دا بەوەی لە سەرانسەری عێراق هەژماركردنەوەی بەدەست بۆ  هەموو بنكەكانی دەنگدان ئەنجام بدرێتەوە و پشت بەو ئەنجامانە ببەسترێت كە بەجیاكردنەوە و هەژماركردنەوەی دەست دەكرێت، ئەوەیش كاردانەوەی جیاوازی لەناو هێزە عێراقییە براوە و دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن دروست كرد و وای كرد لە نێوان ترس و دڵەڕاوكێوە پێشوازی لە بڕیارەكە بكەن.

هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ گورزێكی بەهێز بوو بۆ ویستی گەندەڵكار و ساختەكاران و متمانەی خۆی بە دادگا دووپات كردەوە بەوەی بتوانێت ئەو لادانەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەخۆیەوەی بینی راستی بكاتەوە، جا لەرێگەی هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگانەوە بێت یان هیتر، بەڵام پێویستە رێوشوێنی یاسایی لەبەرانبەر ساختەكاران وەربگیرێت.

ئوسامە نوجێفی سەركردەی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی (سوننە)، لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بڕیارەكە بەڵگەی سووربوونی دادگای فیدڕاڵە بۆ سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و راستكردنەوەی لەگەڵ بڕگەكانی دەستوور، بۆیە بەتەواوەتی پاڵپشتی لێ دەكەین، ئەو داوای پاراستنی سندووقەكانی دەنگدان وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی لەدژی ساختەكاران كرد.

بەرەی توركمانی پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ دەكات و ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەكە لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، بڕیارەكە وەڵامی خواستی خەڵكی كەركووكی دایەوە و بڕیارێكی مێژوویی و دادوەرانەیە. 

هاوپەیمانی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی (سێیەم براوەی هەڵبژاردن)، پابەندی هاوپەیمانیەتییەكەی بەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵ راگەیاند و داوایشی لە هەمووان كرد بۆ پابەندبوون بە بڕیارەكە بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی و سەروەری یاسا لە عێراق.

حوسێن عادلی، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نەسڕ لەو بارەوە گوتی، پابەندی تەواومان بە بڕیاری دادگای فیدراڵ لەبارەی یاسای سێیەم هەموواری یاسای هەڵبژاردن دووپات دەكەینەوە و داوایش لە هەمووان دەكەین پێوەی پابەند بن.

سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لە دۆڕاوەكان و نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ چوونەوە بۆ پەرلەمان بەدەست بێنێت و یەكێك بوو لەوانەی دەستی باڵای هەبوو لە دەركردنی یاسای سێیەم هەموواری یاسای هەڵبژاردنەكان لەو بارەوە گوتی، ستایشی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ لەبارەی یاساكە دەكەین و دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان سوورە لەسەر راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی دەستوور. 

جبووری دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان رێز لە هەموو بڕیارەكانی دادگای عێراق دەگرێت و ئاماژەی كرد كە پەرلەمان سەركەوت لە چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی لە عێراق لە رێگای راستكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێی میكانیزمەكانی یاسایی و دەستوورییەوە و رای گەیاند كە جارێكی تر دادوەری عێراقی دیودەری و بێلایەنی خۆی سەلماند.

لای خۆیەوە رەحیم دەراجی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ سەركەوتن بوو بۆ عێراق و دادوەری عێراق كە لە پاڵەپەستۆی سیاسی و هەڕەشەی چەند لایەنێك خۆی بەدوور گرت، سەركەوتن بوو بەسەر خواستی ساختەكاران و گەندەڵكاران كە لەناو دامەزراوەكانی وڵات تەشەنەی كردووە.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە رای گەیاند، بڕیارەكە تەواو كۆكە لەگەڵ خواست و ویستی پارتی كە دژی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی ئاوارە و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بوو و ئەوەیش وای كرد كە لە دادگای فیدراڵ سكاڵا بكات.

گۆران دووپاتی كردەوە، پێشبینی دەكەین لەكاتی دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە پارێزگای نەینەوا ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە شەش كورسییەوە بۆ حەوت كورسی زیاد بكات و دووپاتی كردەوە كە پارتی لەدژی هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان نەبوو و ئامادەیی پارتەكەیشی بۆ هاریكاریكردن لەگەڵ دادوەرانی سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكەن بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان. 

هاوپەیمانی سائیروون (براوەی یەكەمی هەڵبژاردن) كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات بە نیگەرانییەوە پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ كرد و رائید فەهمی، سەركردەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە گوتی، رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ دەگرین و متمانەی تەواومان بەدیودەری دادوەران هەیە و روونی كردەوە، پرۆسەی هەژماركردنەوەی بەدەستی 100%ی دەنگەكان كاتی زۆری پێویستە و ئێمە ترسمان هەیە كە ئەو ماوە درێژە كێشەمان بۆ دروست بكات وەك بۆشایی پەرلەمانی. 

فەهمی دووپاتی كردەوە كە رەنگە لە پرۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان ژمارەی كورسییەكانی سائیروون لە پەرلەمان زیاد بكات، بەڵام مەترسی لە پرۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكانیش هەیە، چونكە لەبیرمان نەچێت كە پەنابردن بۆ هەژماركردنی ئەلیكترۆنی بۆ خۆدوورخستنەوە بوو لەو ساختەكارییەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەكرا.

ئەمجەد سوودانی، سەركردەیەكی تری سائیروون دەڵێت، پێویستە پرۆسەی هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان دیودەر و پاك بێت، چونكە ترس هەیە لە ئەنجامەكان بەهۆی سووتاندنی ئەمبارەكانی كۆمسیۆن لە رەسافە و لەناوچوونی ژمارەیەكی زۆری دەنگەكان.

جەواد مووسەوی ئەندامی هاوپەیمانی سائیروون دەڵێت، ترسمان لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە لە رێگەی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن ئەوانەی سەر بەپارتە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنن كە پارتەكانیان پاڵەپەستۆیان خستە سەر دادگای باڵای فیدراڵ بۆ دووبارە هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان. 

چاودێران گومانیان هەیە بەوەی پرۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوە چوو لەوەی ناكەوێتە ژێر باری رێككەوتننی سیاسییانە، نازم محەمەد شارەزای سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان ناتوانێت ئەو دەنگانە بگەڕێنێتەوە كە لەناوچوون بەهۆی پاڵەپەستۆی گەورە بۆ سەر دادوەری، ئەوەیش مانای وایە ئەنجامی كۆتایی هەژماركردنی بەدەست دەكەوێتە ژێر باری دەستەوارە و رێككەوتننە سیاسییەكان. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل