یەكێتی نهێنییەكی لەسەر سندووقەكانی دەنگدان لە كەركووك ئاشكرا كرد

:: PM:06:05:21/06/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كرد، حزبەكەی گومانی لەو كەسانە هەیە كە سندووقەكانی دەنگدانی كەركووكیان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لابووە و ڕەنگە گۆڕانكاری تێدا كرابێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی حوزەیران، ڕێبوار تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پشتگیری بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دەكەن و ئامادەن بۆ هەر ڕێوشوێنێكی یاسایی ئەگەر بگیرێتە بەر.

لەبارەی ئەوەی كە گومان لەسەر هەڵبژاردن لە كەركووك هەیە ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی گوتی، یەكێتیش گومانی لەسەر ئەو ڕۆژانە هەیە كە سندووقەكانی دەنگدان هەڵگیراون، چونكە متمانەی بەو دەستانە نەبووە كە سندووقەكانی دەنگدانی لا بووە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویستی زانی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ‌ بكرێت و هەمووان پێوەی پابەند بن.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق وەڵامی چەند سكاڵایەكی لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو دایەوە كە یەكێك لە سكاڵاكان ڕەت كردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگەبوو و لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تۆمار كرابوو.

لێرە دەتوانن دەقی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق بخوێننەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم