رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە بڕیارە یەكشەمی داهاتوو بچێتە ناو كێبەركێی هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی ماوەیەكی تری سەرۆكایەتی لە وڵاتەكەی، رای گەیاند كە سوپای توركیا 35 سەركردەی دیاری پارتی كرێكارانی كوردستانیان لە قەندیل كوشتووە، سەرۆك وەزیرانی توركیاش دەڵێت ناكرێ ناویان ئاشكرا بكەین پێش ئەوەی دڵنیا ببینەوە.
ماوەیەكە سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەدژی بارەگا و شەڕوانانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق دەست پێ كردووە و وەك بەرپرسانی باڵای توركیا دەڵێن، مەبەستی ئەوان كۆنترۆڵكردنی چیای قەندیلە كە مۆڵگەی سەرەكی پەكەكەیە لە دوای وەدەرنانیان لە سووریا، بۆیە فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا رۆژانە بۆردومانی ئاسمانی ئەو ناوچانە و دەوروبەری دەكەن.
ئەردۆغان ئەمڕۆ لە وتەیەكی لەبەردەم گردبوونەوەیەكی لایەنگرانی لە هەرێمی مەرعەش گوتی، 10 فڕۆكەی سەربازی توركیا چەند هێرشێكی ئاسمانیان بۆ سەر قەندیل ئەنجام داوە و 10 پێگەی گرنگیان لەوێ بۆردومان كردووە، زیاتر گوتی، لە دووەم هێرشدا كۆبوونەوەیەكی سەرانی پەكەكە بۆردومان كراوە و 35 سەركردەیان كوژراون كە لەو كۆبوونەوەیە بەشداریان كردووە.
ئەوەیش لەو ساتەی كە بەرپرسانی توركیا ناوی ئەو سەركردانە ئاشكرا ناكەن كە باسی لەناوبردنیان دەكەن، لەو بارەوە بناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەمڕۆ پێنجشەم لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، 35 سەركردەی دیاری پەكەكەمان لە قەندیل كوشتووە، بەڵام راست نییە كە ناوەكانیان بەر لە دووپاتكردنەوەی ئاشكرا بكەین و ئێستە هەواڵگری توركیا سەرقاڵی ئەو كارەن.