دوای هه‌ریه‌ك له ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا، توركیاش ده‌ستی به سه‌پاندنی باج به‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه كرد كه له ئه‌مه‌ریكاوه هاورده ده‌كرێن. ئه‌م سیاسه‌ته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی دۆناڵد تره‌مپه كه به‌سه‌ر پۆڵا و ئه‌له‌منیۆمی هاورده‌كراو سه‌پاندوویه‌تی.
نیهاد زیبكه‌چی وه‌زیری ئابووری توركیا باسی له‌وه كردووه كه باج ده‌خاته سه‌ر به‌رهه‌مه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به قه‌باره‌ی 250 ملیۆن دۆلار كه ساڵانه له‌و وڵاته‌وه هاورده‌ی توركیا ده‌كرێن. باجه‌كه هه‌ریه‌ك له ئۆتۆمبێل، ته‌كنه‌لۆجیای پیشه‌سازی و به‌رهه‌مه پێترۆكیمیایییه‌كان، خه‌ڵووز، كاغه‌ز، گوێز، باده‌م، جگه‌ره، برنج، خواردنه‌وه و پێداویستی جوانكاری و مه‌كیاج ده‌گرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی "فارس‌نیوز" ئه‌و به توندی ره‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ گرتووه و گوتوویه‌تی ئه‌وانیش ناچار بوون رووبه‌ڕووی سیاسه‌ته بازرگانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ببنه‌وه.
دوێنێ كۆمسیۆنی ئه‌وروپاش به په‌سندكردنی یاسایه‌ك باجی به‌سه‌ر قه‌باره‌ی سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریكادا سه‌پاند كه پۆڵا، ئه‌له‌منیۆم، به‌رهه‌می كشتوكاڵی وه‌ك گه‌نمه‌شامی، باده‌م، ویسكی، جلوبه‌رگی كابۆیی و ماتۆڕسكلتی ده‌گرته‌وه.
سیلیسیا مالمستۆم به‌رپرسی كاروباری بازرگانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا گوتبووی، "ئێمه ئه‌م دۆخه ناخوازین، بڕیاری یه‌كلایه‌نه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ بژارده‌یه‌كی تری له به‌رده‌م ئه‌وروپادا نه‌هێشتووه‌ته‌وه."
به‌گوێره‌ی "رادیۆ فه‌ردا" ئه‌و پێی وایه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ی رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانییه و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا لای خۆی باجی هاورده هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌وا ئه‌وانیش ئه‌و باجانه هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه.
قه‌باره‌ی ئه‌و پۆڵا و ئه‌له‌منیۆمه‌ی ئه‌وروپا كه باجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یانگرێته‌وه، ده‌گاته شه‌ش ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆ.
پێویسته بگوترێت حكوومه‌تی دۆناڵد تره‌مپ باجی 25%ی خسته سه‌ر پۆڵای هاورده‌كراو له ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا و مه‌كسیك و 10%یشی به‌سه‌ر ئه‌له‌منیۆمی ئه‌و وڵاتانه‌دا سه‌پاند.
حكوومه‌تی كه‌نه‌داش بڵاوی كرده‌وه له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزه‌وه باج به‌سه‌ر 12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار كاڵای ئه‌مه‌ریكیدا ده‌سه‌پێنێت كه هاورده‌ی كه‌نه‌دا ده‌كرێن. مه‌كسیكیش دوو هه‌فته‌یه ده‌ستی به سه‌پاندنی باج به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریكی له‌وانه‌ش پۆڵا، به‌راز و ویسكی كردووه.
به‌شێك له‌و كاڵا ئه‌مه‌ریكییانه‌ی كراونه‌ته ئامانج له‌و ویلایه‌تانه به‌رهه‌م ده‌هێنرێن كه كۆماریخوازه‌كان تیایدا باڵاده‌ستن. بڕیاره له تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی قۆناغی دووه‌می كۆنگرێس به‌ڕێوه بچێت و كۆماریخوازان ده‌یانه‌وێت پێگه‌ی زۆرینه‌ی خۆیان بپارێزن.