داهاتی گەشتیاری لە ماوەی 10 ڕۆژدا 70 ملیار دینار بووە
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزارەتی هەرێمی كوردستان دوایین ئامارەی هاتی گەشتیارانی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیاند كە 255 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شارەكانی كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە كەرتی گەشتیاری ڕوو لە بووژانەوەیە و ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەكات، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان بە رووی گەش و رەفتاری جوان و مامەڵەی شیاو پێشوازی لە گەشتیاران بكەن و هانیان بدەن دووبارە و چەندان جاری تر بێنەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پڕۆسەی بووژانەوەی ئابووری هەرێم بەردەوام بێت.
گوتەبێژی گەشتوگوزار زیاتر گوتی، لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 255 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، هاوكات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیار بە رێژەی 5% زیادی كردووە.
ئاماژەی بەوەیشكرد كە پێشبینی دەكرێت داهاتی گەشتیاری لەو 10 ڕۆژە زیاتر لە 70 ملیار دینار بوو بێت بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان. هەروەك ڕوونیشی كردەوە كە لە 91% گەشتیاران لە شارەكانی خواروناوەراستی عێراق هاتبوون و ژمارەی گەشتیاری ئێرانیش لە 25% كەمی كردووە.
بە پێی پێناسەی رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان گەشتیار بریتییە لە ئەو سەردانیكەرەی كە گەشت دەكات بۆجێگەیەكی سەرەكی لە دەرەوەی ژینگەی راهاتووی خۆی بۆ ماوەی كەمتر لە یەك ساڵ و مانەوەی زیاتر لە یەك شەو بۆهەر مەبەستێك بێت جگە لە كاركردن لەلای قەوارەیەكی نیشتەجێ لە شوێنی مەبەستی گەشتەكە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم