مۆندیال.. ئەمڕۆ یەكشەم دوایین یاریی گەڕی دووەمی كۆمەڵەكان بەڕێوە دەچێت

:: AM:10:28:24/06/2018 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا كۆتایی پێ دێت و بەمەش ركابەری نێوان هەڵبژاردەكان قوڵتر و بەهێزتر دەبێت و قۆناغی داهاتووش قۆناغی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال.

سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان، لە دووەم یاریی كۆمەڵەی حەوتەمدا هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و پەنەما رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكە لەنێو یاریگەی نیژنی نۆڤگۆرۆد لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی ئیسپانیا لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی میسڕی بەسەركردایەتی جیهاد گریشە بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لە یاریی یەكەمدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی توونسی بردبووەوە و ئێستاش بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەی حەوتەم دێت، بە سەركەوتنیش لەم یارییەدا بەفەرمی بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال سەردەكەوێ.

هەڵبژاردەی بەلجیكا دوێنێ شەموو لە دووەم یاریی ئەم كۆمەڵەیەدا بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی توونسی بردەوە و بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ و بەفەرمی خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو، هەڵبژاردەی توونسیش بەهۆی دۆڕانی لە هەردوو یاریی رابردوویدا ماڵئاوایی كرد.

هەڵبژاردەی پەنەما لە یاریی رابردوودا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیكا دۆڕا بوو و ئەگەر ئەمڕۆش بەرامبەر ئینگلتەڕا بدۆڕێ ماڵئاوایی لە مۆندیال دەكات.

لە یاریی دووەمیشدا لە كۆمەڵەی هەشتەم و كۆتایی سەعات 6ی سەر لە ئێوارە هەڵبژاردەی ژاپۆن رووبەڕووی هەڵبژاردەی سەنیگال دەبێتەوە، یارییەكەش لەنێو یاریگەی ئیكاتێرنبۆڕگ ئەرینا لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی ئیتاڵی بەسەركردایەتی گیانلوكا رۆكی بەڕێوە دەچێت.

هەردوو هەڵبژاردە لە یاریی یەكەمدا بە ئەنجامی 2-1 سەركەوتنیان بەدەستهێنابوو و بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ ریزبەندی پێشەوەی كۆمەڵەی هەشتەمیان گرتووە، هەڵبژاردەی ژاپۆن لە هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیای بردبووەوە، هەڵبژاردەی سەنیگالیش لە هەڵبژاردەی پۆڵەندای بردبووەوە.
بۆیە هەر هەڵبژاردەیەك لەو یارییەدا سەركەوتن بەدەستبێنێ راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی 16ی مۆندیال.

لە یاریی دووەمیشدا كە دوا یاریی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكان دەبێت سەعات 9ی شەو هەردوو هەڵبژاردەی پۆڵەندا و كۆڵۆمبیا لەنێو یاریگەی كازان ئەرینا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

ئەنجامی یارییەكە بۆ هەردوو هەڵبژاردەكە چارەنووسسازە بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوویاندا شكستیان خواردووە، بردنەوەیان لەم یارییەشدا تاڕادەیەك هیوای گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بەدەستدێنێتەوە.

ئەنجامی یارییەكانی دوێنێ شەمووی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

بەلجیكا 5-2 توونس

كۆریای باشوور 1-2 مەكسیك

ئەڵمانیا 2-1 سوێد





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م