یاریزانانی ریال مەدرید زۆرترین گۆڵیان لە مۆندیال تۆمار كردووە

:: AM:11:36:24/06/2018 ‌

یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا باشترین ئاستیان پێشكەش كردووە و زۆرترین گۆڵیان لە پاڵەوانیەتییەكەدا تۆمار كردووە.

یاریزانانی یانەی ریال مەدرید تا ئێستا توانیویانە 8 گۆڵ لە مۆندیال تۆمار بكەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ركابەرییەكانی پاڵەوانیەتییەكە تا ئێستا لەسەرەتادایە.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەكەمی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال تا ئێستا 4 گۆڵی تۆمار كردووە و لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی پاڵەوانیەتییەكە دێت كە 3 گۆڵیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە لەگەڵ گۆڵێكی تر بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب.

دووەم یاریزانی یانەی ریال مەدرید كە زۆرترین گۆڵی لە مۆندیال تۆمار كردووە لوكا مۆدریچی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەی كڕواتیایە كە تا ئێستا 2 گۆڵی تۆمار كردووە، گۆڵێكی بەرامبەر هەڵبژاردەی نێجیریا بووە و گۆڵەكەی تریش بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

ناچۆی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یەكەم یاریی هەڵبژاردەكەیدا گۆڵێكی بەرامبەر هەڵبژاردەی پورتوگال تۆمار كردبوو.

چوارەم یاریزانیش كە گۆڵی هەشتەمی یانەی ریال مەدریدی لە مۆندیالی 2018ی رووسیا تۆمار كردووە تۆنی كڕووسی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە كە شەوی رابردوو گۆڵی سەركەوتنی بۆ هەڵبژاردەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد تۆمار كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م