چەند هەڵبژاردەیەك بەهۆی سەركەوتنەكانیانەوە بەخێرایی گەیشتنیان بە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی رووسیا مسۆگەر كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم بەفەرمی یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال تەواو دەبێت و سبەی دووشەمیش راستەوخۆ یارییەكانی گەڕی سێیەم و كۆتایی كۆمەڵەكان دەست پێ دەكاتەوە.
تا ئێستا 4 هەڵبژاردە بەفەرمی خۆیان گەیاندۆتە قۆناغی 16ی مۆندیال ئەوانیش پێكدێن لە هەڵبژاردەكانی رووسیا و ئۆرگوای لە كۆمەڵەی یەكەم، فڕەنسا لە كۆمەڵەی سێیەم، كڕواتیا لە كۆمەڵەی چوارەم.
لەبەرمبەریشدا 5 هەڵبژاردە بەفەرمی ماڵئاواییان لە پاڵەوانیەتییەكە كردووە كە ئەوانیش پێكدێن لە هەڵبژاردەكانی میسڕ و سعوودیە لە كۆمەڵەی یەكەم، مەغریب لە كۆمەڵەی دووەم، پیڕۆ لە كۆمەڵەی سێیەم، كۆستاریكا لە كۆمەڵەی پێنجەم.
لە كۆمەڵەكانی تریشدا تا ئێستا چارەنووسی هەڵبژاردە براوە و دۆڕاوەكان یەكلایی نەبووەتەوە و لە قۆناغی سێیەم و كۆتاییدا یەكلایی دەبێتەوە كە بڕیارە سبەی دووشەم دەست پێ بكات.
ئەوەی گرینگە بۆ هەڵبژاردە سەركەوتووەكان بردنەوەیە لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكان و بەدەسهێنانی پلیتی یەكەمی كۆمەڵەكانیانە بۆ ئەوەی لە قۆناغی 16ی مۆندیال رووبەڕووی هەڵبژاردەی ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەكانی تر ببنەوە.