ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێ.. ئاڵۆزی ترسناك ڕوو لە عێراق دەكات

:: PM:12:18:24/06/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ئەگەر لە ئەنجامی ژماردنی دەنگەكان بە دەست گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ڕوو بدات و براوەكان ببنە دۆڕاو، ئەوا دۆخی بەغدا و عێراق بەرەو مەترسی گەورە هەنگاو دەنێ و لیستە براوەكان شەقام بەكار دەهێنن و ڕووداوی ترسناك لە عێراق دروست دەبێ.

پێگەی "بغداد الیوم" راپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی وەرگێڕاوە و تێیدا واسق هاشمی بەڕێوەبەری ناوەندی نەهرێن بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لە عێراق ڕای گەیاندووە، ئەگەر ژماردنی دەنگەكان بە دەست، براوەكان بۆ دۆڕاو بگۆڕێ و دۆڕاوەكانیش بۆ براوە، وڵات بەرەو شەڕی چەكداری و بەكارهێنانی شەقام لەلایەن لیستە براوەكان پەنای بۆ دەبرێ و ڕووداوی ترسناك چاوەڕێی عێراق دەكات.

ئاماژەی داوە، هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی دۆخی تەناهی كەركووك و ناوچەكانی ئەنبار و مووسڵ گرژی و ئاڵۆزی لێ دروست بوو، بۆیە مەترسی هەیە دۆخی شارەكانی تریش بە تەواوی تێك بچێ، ئەگەر گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان بە ڕێژەیەكی زۆر ڕوو بدات.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی داوە، موقتەدا سەدر و هاوپەیمانییەكەی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی عێراقن، هۆشدارییان داوە لەوەی دۆڕاوەكان ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار بهێنن و بە ئەنقەست ئەنجامەكان بگۆڕن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د