به تۆمه‌تى پاڵپشتى بۆ په‌كه‌كه، هونه‌رمه‌ندى كورد هۆزان جانێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیاوه هاته گرتن.
به پێى هه‌واڵێك كه له سایتى
ئارتى رووسیا و میدیاكانى توركیا بڵاو كراوه‌ته‌وه، دوێنێ له خاڵێكى پشكنینى نزیك ئه‌ده‌نه پیاوانى دژه تیرۆریستى سه‌ر به هێزه ته‌ناهییه‌كانى توركیا، هۆزان جانێیان گرتووه.
ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانى توركیا جانێیان به تۆمه‌تى پاڵپشتى له پارتى كرێكارانى كوردستان گرتووه كه توركیا ئه‌م پارته به تیرۆریست ده‌زانێت، كه‌چى جانێ له هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه له ئه‌ده‌نه ئه‌نجام دراوه و ئه‌و پارته‌ش له لایه‌ن توركیاوه مۆڵه‌ت پێدراوه و به‌فه‌رمى له هه‌ڵبژاردنى ئه‌مڕۆ به‌شداره.
هۆزان جانێ یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌كانى كورد، له ساڵى 1971 له باكورى كوردستان له دایك بووه، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ندان جار خه‌ڵاتى وه‌رگرتووه و هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانییه.
به‌ڵام تا ئێسته هیچ هه‌ڵوێستێك له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه له‌سه‌ر گرتنى جانێ ده‌رنه‌كه‌وتووه.
له‌دواى كوده‌تاكه‌ى ته‌مووزى 2016 به سه‌دان هه‌زار كه‌س له توركیا به تۆمه‌تى بانگه‌شه بۆ تیرۆر گیراون، ئه‌مه‌ش وایكردووه زۆر له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ ره‌خنه‌ى توند له توركیا بگرن.