شەڕ لە نێوان سوپای پاسداران و هێزی پێشمەرگە رووی دا

:: PM:01:21:24/06/2018 ‌

شەوی رابردوو لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان شەڕێكی قورس لە نێوان تیمێك لە پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و هێزەكانی سوپای پاسداران رووی دا.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، شەوی رابردوو لە درێژەی كار و چالاكی و بەڕێوەبردنی ئەركەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی پیرانشار، دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە حاڵی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان بوون، لە شاخەكانی پشتی زیوە و كۆنە لاجانی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزێكی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەونە بەر دەسڕێژی چەك و پاش شەڕ و پێكدادانێكی زۆر توانیویانە دوژمن شكست بدەن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "كوردستان میدیا"  گورزێكی كاریگەریان لە هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران داوە و ژمارەیەكیان لێ كوشتوون، هاوكات پێشمەرگەیەكیش بە ناوی سامان حەسەنپوور شەهید بووە.

جێی باسە میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كوشتنی پلەدارێكی سوپای پاسداران و برینداربوونی سەربازیكیان راگەیاندووە.

ماوەی رابردووش لە شنۆ تیمێك لە پێشمەرگەكانی حدكا لە سیاكێو رووبەڕووی هیزێكی ئێران بوونەوە كە بە هۆیەوە ژمارەیەك پاسدار كوژران و بریندار بوون. لە شەڕەكەی شنۆ هیچ زیانێك بەر هیزی پێشمەرگە نەكەوت هەر چەندە میدیاكانی ئێران رەتیان كردەوە زیانیان پێ گەیشتبێت.







وشە - سلێمان تاشان