شێلانی ژێر پێ بەر لە خەوتن بۆچی باشە؟

:: PM:01:46:24/06/2018 ‌
پێ یەكێكە لە گرنگترین بەشەكانی لەش، بەڵام  كەمتر گرنگی پێ دەدەن، ئەگەر بتەوێت پێیەكانت تەندروست و دوور لە كێشە بێت، ئەوا پێویستە بەر لە خەوتن بۆ ماوەی 15 خولەك بە شێوەی بازنەیی بیشێلن، بەمەیش چەندان سوود بە پێیەكان و جەستەتان دەگات.

هەمووان دەزانین باشترین ڕێ بۆ كەمكردنەوەی فشار شێلانە، بەڵام دەبێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەنجام بدرێت لێرەدا باس لە سوودەكانی شێلانی پێیەكان دەكەین پێش نووستن:

یەكەم: سوڕی خوێن چالاك دەكات، بەتایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی قورس دا یان دانیشتن و وەستانی زۆر، خوێن بە ئاسانی لە بەشی خوارەوەی لەش كۆ دەبێتەوە و پێیەكانت هەست بە قورسی و ماندوویەتی دەكەن بەتایبەتی لە كاتی پشوودان دا، بەڵام شێلانی پێیەكان بۆ ماوەی 15 خولەك جوڵانی خوێن باشتر دەكات و هەستی ماندووبون كەم دەكاتەوە و ڕێ لە هەڵئاوسانی پێیەكان دەگرێت.

دووەم: پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە، كاتێك هەست بەماندوویەتی دەكەیت، بە شێوەیەكی ئاسایی پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بتەوێت پەستانی خوێنت بە شێوەیەكی ئاسایی بمێنێتەوە، ئەوا پێویستە پێیەكانت بشێلیت، باشترە شێلانی پێیەكان شەوان پێش نوستن یان هەر كاتێك بێت لە رۆژدا ئەنجام بدرێت، سەرەڕای ئەوەی كە پەستانی خوێن ئاسایی دەكاتەوە  دڵەراوكێش كەم دەكاتەوە.

سێیەم: ڕێ لە خەوزڕان دەگرێت، بوونی فشاری دەروونی و دڵەراوكێ‌ دەبنە هۆی بەئاگاهێنانەوە لەكاتی نوستن، ئەگەر بتەوێت چێژ لە نووستنی شەوان وەربگریت و لەشت لە ماندوویەتی رۆژ ڕزگار بكەیت، ئەوا پێیەكانت بشێلە.



وشە - ئاوات ئازاد