گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌ری باكوری كوردستان گولده‌ن ئێرئاسلان، كار بۆ ئه‌لبوومێكی نوێی گۆرانی توركی و كوردی ده‌كات، بڕیاره به‌مزووانه بڵاوی بكاته‌وه.
گوڵدهن ئێرئاسلان گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌ری كورد، دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كاركردن له نواندن و به‌شداری له به‌رهه‌می فیلم‌دا، ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به گۆرانیگوتن كردووه و سه‌ركه‌وتنێكی باشی تێدا به‌ده‌ست هێناوه، له‌م بواره‌شدا هه‌وادارێكی بۆ خۆی په‌یدا كردووه.
له‌باره‌ی نوێترین كاری گۆرانییه‌كانیدا گوڵدهن به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، كه بڕیاره له نزیكترین كاتدا ئه‌لبوومێك بڵاو بكاته‌وه، له چه‌ند تراكێكی گۆرانی توركی و كوردی به زاراوه‌ی كرمانجی پێك هاتووه، ئێسته‌ش سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنان و ڕێكخستنی كاره‌كانی ئه‌و ئهلبوومهیهتی.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دواكاری ئه‌كته‌ریشی گوتی: "له درامای "جان" ڕۆڵم بینیوه و تێیدا ده‌بمه ده‌زگیرانی به‌ردان ماردینی، دواتر شووی پێ ده‌كه‌م".
گوڵدهن له ساڵی 1995 له شاری دیاربه‌كری باكوری كوردستان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ری هاتووه‌ته دنیاوه، سه‌ره‌تا وه‌ك ئه‌كته‌ر ناوی له توركیا و باكوری كوردستان ده‌ركردووه، ئێسته‌ش خه‌ریكه به‌هۆی گۆرانییه‌كانییه‌وه ناوبانگی زیاد ده‌كات.
هه‌ولێر/ شاخه‌وان شێخانی