ئورارتۆ.. دەوڵەتێكی مەزنی كورد لە سەدەی نۆیەمی پێش زاین

:: PM:03:44:24/06/2018 ‌
لاوازبوونی كاتی دەوڵەتی ئاشوور لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتی پێش زاین، بووە هۆی پەرەسەندن و بە هێزبوونەوەی ئورارتۆ كە لە ماوەیەكی كەمدا بووە بەهێزترین دەسەڵاتی ناوچەكە، ئەم دەوڵەتە لە یەكگرتنی هۆزەكانی نیشتەجێی كەنارەكانی دەریاچەی "وان" بە پایتەختێك بە ناوی "توشیبا" دروست بووە. ئورارتییەكان لە ساڵەكانی 1500_600 پ.ز لە ناوچەكانی دەریاچەی وان و دەریاچەی ورمێ و چیاكانی ئارارتدا دەسەڵاتدارییان كردووە.

ئاشوورییەكان بە زمانی خۆیان  پێیان گوتوون "ئورارتۆ"، بەڵام ئورارتییەكان خۆیان بە خۆیان گوتووە "بیاینی" یان" ڤیانیلی" و لە تەوراتیش بە ئورارتۆ ناویان هاتووە، ئەم ئیمپراتۆرییە لە ڕووی جیۆگرافییەوە  قەراخەكانی دەریاچەی ورمێ، دەریاچەی وان و چیاكانی ئارارتی لە خۆ گرتووە.

هەندێ پسپۆڕی شوێنەواری لەو بڕوایەدان، كاتێك كە ئیمپراتۆریی میتانی لاواز و دابەش بوو بە دوو دەوڵەت، یەكەمیان "خانیكەلبات" لە ناوچەی خاپوور كە دوایی بەرە بەرە لە لایەن ئاشوورییەكانەوە لە ناو برا، دووەمیان "ئورارتۆ" بوو كە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی پادشا "مینوا" لە دەوروبەری 810_786 پ.ز بووە بە هێزێكی گەورەی ناوچەكە و ڕكابەرێكی سەختی ئاشوورییەكانی كردووە.

ناوی ئورارتۆ
هەندێ‌ سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ناوی ئورارتییەكان لە ناوی چیای "ئارارات"ەوە هاتووە. كۆنترین بەڵگە كە ئاماژەی بە ناوی ئورارتییەكان كردبێت لە ساڵنامەكانی شەلمانسەری یەكەم 1274_1245 پ.زدا بە شێوەی "ئورارتری "هاتووە و دەڵێ‌ "ئورارتری"  لە یەكێتی چەند هۆزی ناوچەی كوێستانی ئەرمەنستان دروست بووە، بە دەستی ئاشوورییەكان داگیر كرا.

زمان و نووسین 
لە زمانی ئورارتۆیی چەند بەردنووسێك بە خەتی بسماری بە جێ ماوە و دەركەوتووە كە زمانی ئورارتی نە لە بنەماڵەی زمانی سامییەكان بووە و نە لە بنەماڵەی زمانە هیندی و ئەورووپییەكان، پێشتر هەندێك لە مێژوونووسان تێبینییان كردبوو كە رەنگە زمانی ئورارتی و زمانی خووری لە یەك خێزانی زمانەوانی بن، بەڵام لە پاش توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی  زۆر لە لایەن زانا شوێنەوارییەكان دەركەوت كە زمانی ئورارتی لقێك لە زمانی خووری نییە، بەڵكو زمانێكی جیاوازە و تەنیا پێوەندی ئەم دوو زمانە ڕەنگە لە ڕیشە كۆنەكەیانەوە بێت.

هونەر و بیناسازی لای ئورارتییەكان
قەڵا و شوێنەوارە بیناسازییە گەورەكان، پڕۆژە نایابەكانی ئاودێری بۆ سەردەمی ئورارتییەكان دەگەڕێنەوە، سەلمێنەری ئەوەیە كە دەستی باڵایان لە رووی بیناسازییەوە هەبووە، ئەو بینا و قەڵا و شارانەی كە لە سەردەمی ئورارتییەكان دروست كراوە لە ڕووی تەناهییەوە زۆر بە هێز بوون و دەتوانین بڵێین بیناكانی سەردەمی ئورارتی بینای پتەو و جێگیر بوون، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان بە بەردەوامی لەگەل ئاشوورییە دراوسییەكانیان لە شەڕ و هێرشكردنە سەر یەكتر بوون.

لە سەردەمی ئورارتۆییەكان هەر كاتێك لەشكری ئاشووری نزیكی سنووری دەسەڵاتداری ئورارتۆ دەبوونەوە، لە سەر لووتكەی چیاكان ئاگریان دەكردەوە، ئەمە مانای ئەوە بوو كە وا لەشكری ئاشووری نزیك دەبنەوە، بۆیە زۆربەی دانیشتووان، ئاوایییەكانی خۆیان بە جێ دەهێشت و ئاژەڵەكانیان دەبرد بۆ چیاكان، ئەو ئاوایییانەی كە شوێنیان سەخت بوو مەڕوماڵاتیان لە ناو ئاواییدا كۆ دەكردەوە و خۆیان ڕووبەڕووی ئاشوورییەكان دەبوونەوە، بۆیە لە سەردەمی ئورارتۆیییەكان بینای سەخت و شوورای پتەو دروست كراوە.
  
نووسینە شاهانەیییەكانی  ئۆرارتی كە لە سەر بەرد نووسراوە و هەندێكیان تا ئێستەیش بە قەد چیاكانی كوردستانی باكور و رۆژهەڵاتن، سەرچاوەیەكی مێژووی باشن بۆ سەلمێنەری هونەرمەندی و دەستڕەنگینی ئورارتییەكان لە بیناسازیدا.

ئاین
ئاین لای ئورارتییەكان بابەتێكی گرنگ بوو، ئەوانیش وەك نەتەوە كۆنەكانی تر بڕوایان بە فڕەخواوەندی بووە، بەڵام لە ناو هەموو خواوەندەكان، خواوەندێكیان زیاتر رێز لێ گرتووە و كردوویانە بەگەورەی خواوەندەكانی تر. خواوەندی خالیدی بۆ ئورارتییەكان خواوەندی سەرەكی و نەتەوەیی بووە كە پەرستنەكەی لە كۆتاكانی سەدەی 9ی پ.ز لە لایەن پاشای ئورارتییەكانەوە پەرەی سەند.

پەرستگەی تایبەتی ئەم خواوەندە لە شاری  موساسیر "گوندی مجێسیر"بووە لە هەرێمی موساسیر، پەرستگەی خواوەندی خالیدی گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگەی ناوچەی زاگرۆس بووە كە لە سەردەمی پاشای ئورارتی "رۆسا" زۆر گرنگی پێ دراوە، لە خواوەندەكانی تری ئورارتی دەتوانین ئاماژە بە ناوی خواوەند "ئیشكور" خواوەند"شیمشی" بكەین.

سیاسەت
ئورارتیییەكان یەكێك لە زلهێزە بە ناوبانگەكانی سەردەمی خۆیان بوون، بۆیە دەبینین بەشێكی زۆری ئەو نامە و گوزارشە ئاشوورییانەی بڵاو كراونەتەوە لەبارەی ئورارتۆن، ئەوان هەڕەشەیەكی ترسناك بوون بۆ سەر ئاشوورییەكان، لە نێوان ساڵانی 810_820 پ.ز پاشاكانی ئورارتۆ واتا "ئیشپۆئینی" و "مێنۆنا" توانیان پێوەندییەكی باش لەگەل پاشای هەرێمی "موساسیر" دروست بكەن و بە هۆی یارمەتیدانی سوپای یەكتر و دروستكردنی پەرستگە بۆ خواوەندە نەتەوەیییەكەیان "خالیدی"، بەوهۆیەوە ئەو هەرێمەیشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و پاشاكانی موساسیر گوێڕایەڵی پاشاكانی ئورارتی بوون. ئەم پێوەندیەی ئورارتی و موساسیرییەكان بوو بە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ ناوەندی ئیمپراتۆریی ئاشوور.

ئاشوورییەكان لە سەردەمی شەلمانسەری سێیەم هێرشیان كردە سەر ئورارتییەكان و پایتەختەكەیان "ئارزاشكون"یان ڕووخاند و سووتاند، بۆیە پاشا "ساردۆری یەكەم"ی پاشای ئورارتی هەستا بە دروستكردنی پایتەختێكی نوێ بە ناوی "توشیبا"لە ناوچەیەكی سەخت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان، هەروەها پاشان هەولی فراوانكردنی دەسەڵاتی دا.

لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی ساردۆری یەكەم دەگەیشتە ناوچە چیایییەكانی رۆژهەڵاتی وڵاتی ئاشوور، لە باشووریش لە ئازەربایجان تا دەگاتە دەریاچەی ئورمییە، ئورارتییەكان پاشان توانییان دەوڵەتی "مەڵاتییە" كە یەكێك بوو لە هاوپەیمانەكانی ئاشوور لە ئەنادۆڵ بڕووخێنن، دوای ئەوە زۆر شانشینی تر كە لە ژێر دەستی ئاشوورییەكان بوون، داوای سەربەخۆیییان كرد و ئامادە نەبوون چیتر باج و سەرانە بە ئاشوورییەكان بدەن، ئەمەیش بووە هۆی پچڕانی ڕێی بازرگانی ئاشوورییەكان كە زۆر كاریگەری خراپی لە سەر دۆخی وڵاتی ئاشوور هەبوو.

شوێنەوارە بە جێماوەكانی ئورارتییەكان
ئارام جەلال هەمەوەند لە كۆرتە باسێك كە لەسەر شوێنەواری موساسیر نووسیویەتی بە ناونیشانی "موساسیر لە سەرچاوە مێخییەكاندا" باسی دوو بەردەنووس دەكات، كە لە گرنگترین شوێنەوارەكانی سەردەمی ئورارتی بوون، ئەوانیش شوێنەواری كێلەشین و تۆپزاوەن.

بەردی كێلەشین 
یەكێك لە گرنگترین شوێنەوارەكانی بە جێماوە لە سەردەمی ئورارتییەكان كە لە ناوچەی موساسیر دۆزراوەتەوە، بەردی كێلەشینە كە بە كۆنترین دەقی مێخی ئۆرارتی دادەنرێت كە تێدا باسی باڵادەستی ئورارتیییەكان دەكات. نووسینە بسمارییەكەی سەر ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی پاشا "ئیشپوینی" و كوڕەكەی "مینوا" دەگەڕێتەوە كە ئەمانە هاوسەردەم پاشای ئاشووری "شەمشی ئەدەدی پێنجەم"بوون. ئورارتییەكان بۆ نووسین لەسەر ئەم میلە دوو زمانیان بەكار هێناوە، ڕوویەكی ئەم شوێنەوارە بە زمانی ئاشووری نووسراوە كە لە 42 دێر پێك هاتووە و ڕووەكەی تریشی بە زمان و خەتی ئورارتی كە بە 41 دێر كۆتای پێ هاتووە، بەڵام هەر دوو دەقەكە باسی سەردانەكەی پاشای "بیانیلی" یان "ڤیانیلی" مینوای كوڕی ئیشپوینی دەكات كە لە سەردانەكەیدا پەرستگەیەكی بۆ خواوەند خالیدی لە سەر بەرزایییەك دروست كردووە و كۆمەڵێك دیاری گرانبەها كە پێشكەشی خواوەند خالیدی كراوە و هەزاران سەر ئاژەڵی بۆ خواوەندە كردووەتە قوربانی، لە كۆتای نەفرین لەو كەسانە دەكات كە هەوڵی تێكدان یان دزینی پەیكەری خواوەند خالیدی یان دیاری و بەردەنووسەكان بدات.

ئەم شوێنەوارە یەكەم جار لەلایەن "شولز" دۆزراوەتەوە و كۆپیشی لێ دروست كراوە، بەڵام دواتر شولز لە لایەن خەلكی ناوچەكە كوژراوە و كوپیەكەشی ون بووە، دواتر ئەم میلە لە لایەن"هێنری ڕۆلینسون" لە ساڵی 1841 خوێنراوەتەوە، ئەم بەردەنووسە لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق لە لایەن سوپای ئێرانەوە برا بۆ ئێران و ئێستە لە مۆزەخانەی ورمێیە لە ئێران.

میلی تۆبزاوە
ئەم میلە وەك میلی كێلەشین لە دوو ڕووەوە بە دوو زمانی ئاشووری لە 37 دێر و ئورارتی 38 دێر نووسراوە كە بۆ سەردەمی پاشای ئورارتی "رۆسا" دەگەڕێتەوە كە تێیدا باسی بە هاناوەچوونی پاشا رۆسا بۆ پاشا "ئورزانا" لە موساسیر دەكات لە دەست ئاشوورییەكان، لە تێكستەكە باسی بەستنی هاوپەیمانی لە نێوان پاشا رۆسا و پاشا ئورزانا دەكات، پاشان پاشا رۆسا هەوڵی پڕچەككردنی سوپاكەی ئورزانا دەدات و فەرمانی پێ دەكات هێرش بكاتە سەر بنكەكانی ئاشووری لە ناوچەی موساسیر و داگیریان بكات، لەم شەڕە ئورزانا سەركەوتوو دەبێت، میلی تۆپزاوە ئێستە لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر پارێزراوە.

پاشاكانی ئورارتی بریتین لەمانەی خوارەوە
ساردۆری یەكەم 832_820 پ.ز
ئیشپۆئینی 821 پ.ز
مێنۆئا 810_786 پ.ز
ئاڕگیشتی یەكەم 779_780 پ.ز
ساردۆری دووەم
رۆسا یان رۆساش 
ساردۆری سێیەم 
لە سەردەمی ساردۆری سێیەمەوە ئیمپراتۆری ئورارتی لە لایەن هۆزە سكیسەكانەوە كۆتا بە دەسەڵاتەكەی هێنرا.

سەرچاوەكان
كورتە باسێك لە سەر مێژووی كۆنی كوردستان         ن. كۆزاد محەمەد
هاونەتەوەیی كورد و ماد                                  ن. حەبیبەڵا تابانی
مێژووی ماد لە زەنجیرە مێژووی كەمبریج               ن.م. ا. دیاكونوف           و. عوبەید سورخابی
میدیا                                                         ن. دیاكونۆف               و. بورهان قانع
شارستانییەتی خورییەكان                                ن. گێرنوت ڤێڵهێم          و. ئارام هەمەوەندی
موساسیر لە سەرچاوە مێخییەكاندا                     ن. ئارام هەمەوەند

هەولێر/ سارا سەردار.








وشە - باز ئه‌حمه‌د