بە وێنە..سووتانی بارهەڵگرێك پردێكی هاتوچۆی لە گەرمیان پەكخست

:: PM:03:48:24/06/2018 ‌
بەهۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر پردێكی ستراتیجی لە هەرێمی كوردستان كە گەرمیان و ئێران و دیالە پێكەوە دەبەستێتەوە، زیانی پێگەیشتن و هاتوچۆ تیایدا ڕاگیرا.

عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم 24ی حوزەیران، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر گڕی گرت و بووە هۆی وەستانی هاتوچۆ لەسەر پردی "گردەگۆزینە" كە گەرمیان و ناوچەكانی سنووری دیالە و ئێران پێكەوە دەبەستێتەوە.
 
زیاتر گوتی، زیانی زۆر بە قیری پردەكە گەیشتووە لە كاتێكدا ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پردە نۆژەن كرایەوە.
 
هاوكات نیعمەت عەلی بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییان ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە و بە گوتەی ئەو، هۆكاری ئاگرەكە بۆ بەرزی پلەی گەرما و تیكەڵبوونی سووتەمەنی گەڕاندەوە.
 
ئەو پردە لە سەرەتای ساڵی هەشتاكاندا ڕژێمی لێخراوی بەعس بۆ مەبەستی سەربازی دروستی كرد و ئەمساڵ لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە نۆژەن كرایەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی













وشە - سه‌رخێڵ هاشم