هەموو شتێك لەبارەی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی توركیا بخوێنەوە

:: PM:04:19:24/06/2018 ‌


بەرەبەیانی ئەمڕۆ 59 ملیۆن دەنگدەری تورك لە 180 هەزار وێستگەی دەنگدان، بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەكەن.

بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا، هەریەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئێستە كە خۆی كاندید كردووەتەوە لەگەڵ موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری، میرال ئاكشنار كاندیدی پارتی خەیر، سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی گەلی دیموكراتی، تەمەل كرامولا ئۆغڵو كاندیدی پارتی خۆشگوزەرانی و دۆغۆ برینجیك كاندیدی پارتی نیشتمان.

بەگوێرەی ناوەندەكانی راپرسی ئەگەری زۆرە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنەكە ببێت ئەگەر لە قۆناغی یەكەمیش نەبێت، ئەوا لە گەڕی دووەم براوە دەبێت، ئەگەرچی موحەڕەم وەك دیارترین ركابەری دەركەوتووە و چانسی بردنەوەی هەیە.

ئەردۆغان.. لە فرۆشی شەربەتی لیمۆ بۆ سوڵتانی نوێی توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ماوەی 16 ساڵە حوكمی توركیا دەكات، كوڕی سەربازێكی تورك كە لە دەوروبەری ئیستانبوڵ دەژیان، دوای ئەوەی تەمەنی دەبێتە سێ ساڵان باوكی بۆ دابینكردنی خوێندنێكی باش ماڵی دەگوازێتەوە بۆ ئیستانبوڵ.

بۆ یارمەتیدانی باوكی، ئەردۆغان بڕیار دەدات كاسبی بكات و دەست بە فرۆشتنی شەربەتی لیمۆ دەكات، پاشان لە ساڵی 1976 لە تەمەنی 22 ساڵی تێكەڵی سیاسەت دەبێت دەچێتە ریزی پارتەكەی نەجمەدین ئەربەكان یەكەم سەرۆك وەزیرانی ئیسلامی لە توركیا. دوای كودەتا سەربازییەكەی 12ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 1980 لە سیاسەت دوور دەكەوێتەوە، دوای ئەوەی ئەربەكان ساڵی 1983 پارتی فەزیڵەی دامەزراند، ئەردۆغان پێوەندی پێوە كردەوە و بووە بەرپرسی حزب لە ئیستانبوڵ و پاشان لە ساڵی 1994 بووە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارەوە و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا.

دوای شكستی ئەربەكان ساڵی 1997 وازی لە پۆستەكەی هێنا، دواتر ساڵی 1999 گیرا، پاشان ساڵی 2001 دادگای دەستووری رێی دا كاری سیاسی بكات، ئەویش پارتی داد و گەشەپێدانی دامەزراند، بەهۆی مێژووە پرشنگدارەكەی لە شارەوانی ئیستانبۆڵ، براوەی هەڵبژاردنی 2002 بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەرجەكانی تێدا نەبوو نەكرایە سەرۆك وەزیران.

ساڵی 2003، هەمواری دەستووری كرد و لە جێی عەبدوڵا گول پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت تا 2014، لەم هەڵبژاردنەش بووە سەرۆك كۆمار و پاشان جارێكی تر هەمواری دەستووری كرد لە ساڵی 2017 و سیستەمی وڵاتی كردە سەرۆكایەتی لە رێی راپرسییەوە.

ئەگەر ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردن بێت، ئەوا دەبێتە یەكەم سەرۆك كۆماری وڵات بە دەسەڵاتی نوێ بەگوێرەی دەستوور حوكمی توركیا دەكات.

ئەردۆغان لە 26ی فێبرایەری 1954 لە دایك بووە، وەك دەڵێ "من لە قاسم پاشا لە دایك بوومە و لێرەش پێگەیشتووم".

موحەڕەم ئینجە
ئینجە لە چواری ئایار/ مایۆ 1964 لە دایك بووە لە ناوچەی یالوفا كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای توركیا. یەكێكە لە كەسایەتییەكانی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن و ئێستە كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری دژی ئەردۆغان.

ئینجە دەرچووی زانكۆی ئۆلوداغە لە بۆرسا، لە سێكتەری پەروەردە كاری كردووە وتا ئەوكاتەی دەبێتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر یالوفا لە ساڵەكانی 2002 و 2007 و 2011 و 2015.

ساڵانی 2014 و 2018 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری دژی كەمال كلچدار ئۆغڵو خۆی كاندید كردووە، هەردوو جارەكە شكستی هێناوە.

ئەمجارەش بەرانبەر بە ئەردۆغان خۆی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی، دیارترین كاندیدی ئۆپۆزسیۆنە كە چانسی هەبێ.

ئینجە بە كەسایەتییەكی سیاسی عەلمانی ناوەڕاست ناسراوە، پشتگیری لە ئازادی ئەوانی تریش دەكات و یەكێك بووە لەوانەی دژی قەدەغەكردنی باڵاپۆشی لە توركیا وەستاوەتەوە ساڵی 2013.

میرال ئاكشینار
ئاكشینار سەركردەی پارتی خێر كە بەمدواییە دایمەزراندووە و خۆیشی كاندید كردووە بۆ ركابەرایەتیكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری.

ئاكشینار تاكە ژنی كاندیدە لە نێوان شەش كاندیدەكەی سەرۆكایەتی، پێشتر پەرلەمانتار بووە لەسەر پارتی نەتەوەیی میانڕەو كە دەوڵەت باخچەلی سەركردایەتی دەكات، دوای ئەوەی نەیتوانی ببێتە سەرۆك حزبەكە، پارتی خێری دامەزراند، بەتایبەت دوای ئەوەی باخچەلی لەگەڵ ئەردۆغان هاوپەیمانیەتی بەست.

ئاكشینار ساڵی 1956 لە دایك و باوكێكی كۆچكردووی تورك بۆ یۆنان لە دایك بووە، هەرزوو تێكەڵی كاری سیاسەت بووە و بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژوو هەیە، بەڵام بەهۆی كاری سیاسەت وازی لە بواری ئەكادیمی هێنا.

ساڵی 1994 دەبێتە ئەندام پەرلەمان لەسەر حزبی رێی راست، دوای ماوەیەك دەبێت وەزیری ناوەخۆ لە كابینەی حكوومەتەكەی نەجمەدین ئەربەكان.

جارێكی تر ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام ئەمجارە لەسەر حزبی جووڵانەوەی نەتەوەیی توندڕۆ كە تۆمەتبارە بە دژایەتیكردنی كورد، خۆیشی یەكێك بوو لەوانەی دژی هەڵوێستەكانی حكوومەت بووە لە دانوستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی توركیا، بەڵام بەمدوایییانە دژی ئەردۆغان وەستایەوە لەسەر گرتنی پەرلەمانتارە كوردەكان.

ئاكشینار كە بە ژنێكی پۆڵایین ناسراوە، پارتی خێری دامەزراند و خۆیشی بەرانبەر بە پێنج كاندیدی تری پیاو بۆ سەرۆك كۆماری كاندید كردووە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش
لە مێژووی توركیادا، سەڵاحەدین دەمیرتاش تاكە كوردە كە خۆی لەسەر حزبێكی كوردی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ دووجار لەسەر یەك كاندید بكات.

دەمیرتاش كە نوێنەرایەتی كوردەكانی توركیا دەكات لە پارتی گەلی دیموكراسی "HDP" تەمەنی 42 ساڵە و ساڵی 1973 و دەرچووی بەشی یاسا لە زانكۆی ئەنكەڕە.

دەمیرتاش بە دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغان ناسراوە كە ئەمڕۆ دوای پێنج مانگ بەسەر گرتنی لە گرتووخانە دەنگی داوە،  چونكە هەدەپە توانی دەنگی زۆرینەی كوردەكانی توركیا لە خۆی كۆ بكاتەوە كە پێش دروستبوونی ئەو حزبە دەنگی كوردەكان زیاتر بۆ ئەرۆدغان بوو، گرتنی دەمیرتاش هۆكاری سەرەكی بوو لەوەی هەدەپە هەموو گردبوونەوەكانی هەڵوەشێنێتەوە.

 دوای دەرچوونی لە زانكۆ بووە سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی توركی بوو، هەر خۆی لقی كۆمەڵەكەی لە دیاربەكر كردەوە.

ژیانی سیاسیی دەمیرتاش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 كاتێك چووە ریزی حزبی كۆمەڵگەی دیموكراتی كوردی و بووە ئەندامی پەرلەمان، پاشان ساڵی 2009 حزبەكە بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون لەگەڵ پەكەكە هەڵوەشایەوە.

ساڵی 2014 دەمیرتاش هەدەپەی دامەزراند و لە هەڵبژاردنی 2015 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كرد و بووە یەكەم حزبی كوردی بەربەستی 10% تێپەڕێنێت، وەك سێیەم لایەنی براوە بگاتە پەرلەمان.

دوای كودەتاكەی 2016، ئەردۆغان بڕیاری گرتنی دەمیرتاشی راگەیاند، چووە ریزی ئەوانەی تۆمەتی كودەتایەكەیان خراوەتە پاڵ، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەوەی خۆی كاندید  نەكات.

تەمەل كرامولا ئۆغڵو
تەمەل ساڵی 1941 لە ویلایەتی كهرمان لە دایك بووە و دەرچووی بەشی تەكنەلۆجیای نەسیجە لە زانكۆی مانچستەری بەریتانی ساڵی 1964، هاوكات بڕوانامەی ماستەری لە هەمان زانكۆ بەدەستهێناوە.

ساڵی 1977 دەبێتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر حزبی خەڵاسی نیشتمانی، لە كودەتاكەی 1980 بۆ ماوەیەكی كەم دەگیرێت، بەدوایەوە بۆ ماوەیەك لە سیاسەت دوور دەكەوێتەوە.

ساڵی 1989 دەبێتە سەرۆكی شارەوانی سیواس، ساڵی 1994 جارێكی تر بۆ هەمان پۆست هەڵبژێرایەوە، ساڵی 1995 لەسەر حزبی وەفای جێگرەوەی حزبەكەی پێشتری دیسان دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمان، دوای داخستنی حزبی وەفا لە ساڵی 1999، دەچێتە پاڵ حزبی فەزیڵە، هەمان ساڵ دەبێتەوە پەرلەمانتار.

تەمەل لە دامەزرێنەرانی حزبی خۆشگوزەرانییە كە ساڵی 2001 دوای قەدەغەكردنی حزبی فەزیڵە دامەزرا و بوو بە جێگری سەرۆك حزب بۆ پێوەندییەكانی دەرەوە، ساڵی 2016 دەبێتە سەرۆكی حزبەكە.

تەمەل هەوڵی دا لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كاندیدێك دەستنیشان بكەن بۆ ركابەرایەتی كردنی ئەرۆدغان، بەڵام شكستیان هێنا، ئەمەش وایكرد خۆی كاندید بكات.

دۆغۆ برینجیك
برینجیك كە زیاتر كەسایەتییەكی شیوعی و سۆشیالیستییە، سەرۆكی پارتی چەپی نیشتمانی توركیایە، ئەو ساڵی 1942 لەدایك بووە لە ویلایەتی غازی عەنتاب، دەرچووی بەشی یاسای زانكۆی ئەنكەڕەیە ساڵی 1964.

لە حەفتاكانی سەتەی رابردوو، برینجیك پارتی كرێكاران و جووتیارانی شیوعی دامەزراند، بەڵام دوای كودەتاكەی 1971، دادگایی كرا و 20 گرتنی بۆ دەرچوو، بەڵام ساڵی 1974 بەر لێبوردنی گشتی كەوت و ئازاد كرا.

برینجیك ساڵی 1980 دوای كودەتاكە، دیسان دەگیرێتەوە و دوای پێنج ساڵ ئازاد دەكرێت، بەڵام ئەو واز لە سیاسەت ناهێنێت و ساڵی 1990 دەچێتە پاڵ پارتی سۆشیالیستی توركی و دەبێتە سەرۆكی پارتەكە تا ئەو كاتەی ساڵی 1992 قەدەغە دەكرێت، بەڵام ئەمجارە پارتی كرێكاران دادەمەزرێنێت و ساڵی 2015 ناوەكەی بۆ پارتی نیشتمان دەگۆڕێت و تا ئێستە سەرۆكی ئەو حزبەیە.

برینجیك ساڵی 2008  لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەفسەری پلە باڵا دێتە گرتن بە تۆمەتی داڕشتنی پیلانی كودەتا دژی حكوومەتی داد و گەشەپێدان و سزای تاهەتایی بەسەردا دەدەن، بەڵام ساڵی 2014 لەسەر داوای دادگای باڵا ئازاد دەكرێت.

دوای ئەو هەموو گرتنە و دامەزراندنەوەی حزب، برینجیك كۆڵ نادات و خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا كاندید كردووە و توانی 100 هەزار واژوو كۆ بكاتەوە.




وشە - فه‌رمان سادق