میلیشیا شیعەكان بە چەكی داعش هەڕەشە لە حكوومەتی عێراق دەكەن

:: PM:05:41:24/06/2018 ‌


ئەگەرچی داعش وەك دەوڵەتی خەلافەت رووخاوە، بەڵام هەزاران پارچە چەكی سووك و مامناوەندی لە حەشارگەكانی بیابان و زەوییە كشتووكاڵییەكان شاردووەتەوە كە بە دەیان تۆن چەك مەزندە دەكرێن. سوپا و میلیشیاكانی حەشد لەسەر دەستكەوتەكانی شەڕی داعش لە ململانێیەكی زۆر توندی نهێنیدان، هەرچی میلیشیاكانی حەشدە دەیانەوێت لە رێگەی چەكی داعشەوە توانا سەربازییەكانیان بەرز بكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەت دەیەوێت كۆنتڕۆڵی چەك بكات.

دوای داگیركردنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014، بە ماوەیەكی كەم داعش توانی سەربازگەی سپایكەر و كەسك داگیر بكات كە هەزاران پارچە چەكی نوێی ئەمەریكی لە بچووك و مامناوەندی تێدا بوو، تازە بۆ سوپای عێراقی لە مووسڵ و سەڵاحەدین لە بەغداوە رەوانە كرا بوون. سوپای عێراق، نەك ئەو پارچە چەكانەی لەگەڵ خۆیدا نەبرد و نەیپاراست، ئەوا سەتان هەمەری گوللە نەبڕیشی بە نوێیەتی بۆ داعش بەجێهێشت. لە ماوەی سێ ساڵ و چەند مانگی مانەوەیان لە عێراق، داعش بە سوود وەرگرتن لە توانا سەربازییەكانی بەشێك لە ئەفسەرانی سوپای پێشتری بەعس و شارەزایانی سەربازی بیانی لە ریزی داعش، چەك و جبەخانە سەربازییەكەی زۆر پێشخست، تەنانەت قسە لەسەر بازرگانی چەك لەنێوان داعش و هەندێك وڵاتیش دەكرێت كە كۆمەكی چەك و تفاق و پارەیان بە داعش داوە.

دوای شكستی داعش لە ئۆپراسیۆنی "قادیمون یا نەینەوا" لە مانگی ئۆكتەری رابردوو، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەكان داعش بەشی زۆری چەكە سووك و مامناوەندەكانی لە حەشارگە و تونێڵەكانی هەڵیكەندووە لە بیابانەكانی ئەنبار و سامەڕا و زەوییە كشتووكاڵییەكانی مووسڵ شارووەدتەوە، ئەمەیش وای كردووە سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشد كێبڕكێ لەسەر دۆزینەوەی حەشارگەكانی چەكی داعش بكەن.

بەپێی راپۆرتێكی "عەرەبی جەدید"، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دەستخستنی بە مەبەستی بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكانیان كە لەنێو چەكەكانی داعش مووشەك و هاوەن و چەندان جۆری تری چەك و تفاقێكی زۆری شەڕ هەیە، بەڵام سوپا و پۆلیسی عێراقی بەدوای ئەو حەشارگانەدا دەگەڕێن تا چەكەكان ببەنە دووری شار و لەناوی ببەن تا كەس سوودی لێ وەرنەگرێت، بە تایبەت بۆمبەكان كە حكوومەتی عێراق زۆر دەترسێت بگاتە دەستی میلیشیاكانی حەشد لە ترسی لەدایكبوونی كیانێكی تایفەگەری پڕ چەك كراو، یان ترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی لبنان بە دیوە فراوانەكەی.

ئەفسەرێكی پلە باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێ میلیشیاكانی حەشد لە كێبڕكێ و ململانێی توند دان لەگەڵ هێزە عێراقییەكان لە گەڕان و پشكنین بەدوای سەربازگەكانی داعش، یان ئەو ناوچانەی گومانیان لێدەكرێت داعش چەكەكانی لێ حەشار دابن.

زیاتر گوتی، "حەشد گرووپە چەكدارەكانی بەسەر پارێزگاكانی ئەنباڕ، مووسڵ، سەڵاحەدین و كەركووك دابەش كردووە و رۆژانەی كردەی سەربازی ئەنجام دەدەن بۆ گەڕان بە دوای كۆگاكانی چەكی داعش و دەیگوازنەوە بارەگاكانی خۆیان، تەنانەت قبووڵیشی ناكەن ئامار بكرێن و بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری".

روونی كردەوە، "ئەوەی حەشد دەیكات لەناو بردنی پاشماوەی داعش نییە، بەڵكو كۆكردنەوەی زۆرترین پارچە چەكە، تەنانەت ئامادەیش نییە لە ناوچە رزگار كراوەكانی دەستی داعش بكشێتەوە تا ئەو كاتەی گەڕانێكی ورد نەكات بە دوای پاشماوەی چەكی داعش".

ئەو سەچاوە سەربازییەی عێراقی روونی دەكاتەوە هەر لە دوای كۆتاهاتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی، میلیشیاكانی حەشد بەدوای حەشارگەكانی چەكی داعش دەگەڕێن، ئەمەیش وای كردوو هیچ هاوئاهەنگییەك لەنێوان سوپا و حەشد نەبێت.

زیاتر گوتی، "جبەخانەی حەشد دوو هێندە زیادی كردووە بە بەراورد لەگەڵ كاتی راگەیاندنی پێكهێنانی، ئێستە خاوەنی كۆگای گەورەی چەكن لە بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق، چەكی سووك و مامناوەند و قورسیان هەیە كە زۆر زەحمەتە حكوومەتی عێراقی بتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت".

بەرپرسانی حەشد نایشارنەوە كە خاوەنی گەورەترین كۆگای چەكن لە پارێزگاكانی باشوور و ناوچە ئازاد كراوەكانی دەستی داعش.

پێوەند بەو پرسە بەرپرسێكی سیاسی دەڵێ ناوچەی جەرف سەخەر لە پارێزگای بابل كە حەشد دەستی بەسەردا گرتووە و ماوەی سێ ساڵە رێگەیش نادات خەڵكەكەی بۆی بگەڕێنەوە، گەورەترین كۆگای چەكی حەشدی لێیە و زۆر بە توندیش پاسەوانی لێ دەكرێت.

ئەو بەرپرسە سیاسییە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ لە هەموو ناوچەكانی میلیشیاكانی حەشدی لێیە، كۆگای گەورەی چەكیشی لێیە، تەنانەت ئەو بڕە چەكەی ئێستە لای حەشد هەیە لای وەزارەتی بەرگری عێراقی نییە".

غەزوان عەزاوی، شارەزای تەناهی پێی وایە هەبوونی ئەو بڕە زۆرەی چەك بەدەستی میلیشیاكانی حەشد مەترسیی گەورەیە بەسەر حكوومەتی عێراق لە كاتێكدا دۆخی سیاسی عێراق لەوپەڕی خراپی دایە.ئاماژەی كرد، "پێویستە لەسەر حكوومەت جولە بكات و ئەو چەكەی هەیە بیگەڕێنێتەوە دەستی حكوومەت، چونكە نابێت ئەو چەكە قورسە بەدەست میلیشیاكانەوە بێت، ئەمەیش كلیلی سەقامگیری سیاسی و تەناهییە".

بوونی كۆگای گەورەی چەكی قورس و مامناوەند بەدەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە كاتێكدایە شەوی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای گەڕانەوە و كۆنتڕۆڵكردنی هەموو ئەو چەكانەی كرد كە بەدەستی هێزە چەكدارەكانن و رای گەیاند گرنگە هێزی چەكداری پیشەیی بێت و دوور بخرێتەوە لە ململانێیەكان، هۆشداریشی مانەوەی ئەو چەكانەشی دا بە دەستی گرووپە چەكدارەكان.

كۆگاكردنی چەكی داعش لەلایەن میلیشیاكانی حەشد شتێكی نوێ نییە و پێشتریش خۆیان دەست بەسەردا گرتنی كۆگای چەكی داعشیان لە چەندان ناوچە راگەیاندووە لەوانە تەلعفەر و رۆژئاوای كەربەلا. بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی "مسڕاوی" حەشدی شەعبی لە مانگی ئابی رابردوو دەستی گرتووە بەسەر كۆگایەكی چەكی داعش لە شارۆچكەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا.

میلیشیاكانی حەشد نەیانشاردووەتەوە كە كۆگاكە یەكێك بووە لە كۆگا ستراتیژییەكانی داعش كە فڕۆكەی بێ فڕكەوان و موشەك و تفاقێكی زۆری لێ بووە. هاوكات لە چواری ئایاری 2017، بە گوێرەی هەواڵێكی "سۆمەریە"، داعش لە رۆژئاوای كەربەلا دەستی گرتووە بەسەر حەشارگەیەكی راهێنان و چەكی داعش كە دەكەوێتە وادی ئەمحوفە.



وشە - فه‌رمان سادق