ئیتر كارەبا بەمشێوەیە دەدرێتەوە هاووڵاتییان

:: PM:08:07:24/06/2018 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەعاتەكانی پێدانی كارەبای بە هاووڵاتییان ڕاگەیاند و روونیشی كردەوە كە ئێستە وەزارەتەكەیان تەنیا دوو هەزار و 700 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ی حوزەیران، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە كە ئێستە وەزارەتی كارەبا دوو هەزار و 700 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواستی بەكارهێنانی كارەبا بۆ چوار هەزار و 500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، بۆیە بەم بڕە كارەبایەش دەتوانرێت 12 سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.

وەزارەتی كارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە پێناوی گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەبا بەشێوەیەكی رێك و پێك لەم وەرزەدا هاوكار بن لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمی كارەبا لە وەرزی گەرمادا سەرهەڵدەدات و تا ئێستەیش ئەو گرفتە چارەسەر نەكراوە لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندان جار بەڵێنی چاكبوونی دۆخی كارەبای بە هاووڵاتییان داوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم