تمەن نزمترین نرخی بەرانبەر دۆلار تۆمار كرد

:: AM:09:52:25/06/2018 ‌

نرخی دۆلار لە بازاڕی نافەرمی لە تاران بەرانبەر بە تمەن ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد و گەیشتە سەرووی هەشت هەزار و 700 تمەن. بەشێك لە كاسبكارانی تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سیاسەتە دارایییەكانی حكوومەت دەستیان بە خۆپێشاندان كرد.

بە گوێرەی "رادیۆفەردا" هەندێك سەرچاوەی نافەرمی نرخی دۆلاریان بە نۆ هەزار تمەن راگەیاند. هاوكات نرخی یەك یۆرۆ گەیشتە سەرووی 10 هەزار و 600 تمەن و نرخی پاوەندیش 12 هەزار تمەنی تێپەڕاند.

ئەوانەی لە تاران دووكانەكانیان داخست زیاتر ئەو دووكانانە بوون كە مۆبایل دەفرۆشن و داوایان لە حكوومەت كرد رێ لە زیاتر دابەزینی نرخی تمەن بگرێت و چونكە ناتوانن بەرهەمەكانیان بفرۆشن.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە دوو رۆژی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بانكی ناوەندیی ئێران هیچ بڕە دۆلارێكی نەخستووەتە بازاڕەوە.

حكوومەت خۆی لە بۆڕسەی جیهانیی چوار هەزار و 200 تمەنی بۆ هەر دۆلارێك دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەمە دەست هاووڵاتی ناكەوێت و سیاسەتی ئێران ئەوەیە خەڵك توانای كڕینەوەی دۆلاریان نەبێت و نەبنە هۆی زیاتر دابەزینی نرخی تمەن.

راستە ئێران تا رادەیەك پرسەكەی سەرپۆش كردووە، بەڵام نەیتوانیوە رێ لە دابەزینی نرخی تمەن بگرێت و ئێستە نرخی دۆلاری حكوومەت و دۆلاری بازاڕی ئازاد رێك دوو هێندەی یەكترن.



وشە - سلێمان تاشان