لەسەر درێسی یاریزانێكی هەڵبژاردەی پورتوگال ناوی عێراق نووسرابوو

:: AM:10:35:26/06/2018 ‌

وێنەیەك بەشێوەیەكی بەربڵاو لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئەو دەست ئەو دەستی پێكراوە و بڵاو بووەتەوە و تێیدا دەردەكەوێ لە یارییەكەی دوێنێی هەڵبژاردەی پورتوگال و ئێران لە دوایین گەڕی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەشێوەی هەڵە ناوی عێراق لە شوێنی ئێران لەسەر درێسی هەڵبژاردەی پورتوگال نووسراوە.

دوێنێ دووشەم هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و پورتوگال لە گەڕی سێیەم و كۆتای قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال 2018ی رووسیا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و هەردوو هەڵبژاردەكەش بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون.

بەم یەكسانبوونە هەڵبژاردەی پورتوگال بەكۆكردنەوەی 5 خاڵ بە دووەمی كۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناغی 16ی یارییەكانی مۆندیال، هەڵبژاردەی ئێرانیش ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە كرد.

ئەم وێنەیە بەشێوەیەكی بەربڵاو لەسەر لاپەڕەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەردەكەوێ لەسەر درێسی یەكێك لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەی پورتوگال لەجیاتی ئێران ناوی عێراق نووسراوە.

جێی باسە هەڵبژاردەی عێراق ساڵی رابردوو لە دوایین قۆناغی ركابەرییەكانی پارزەوینی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا ماڵئاوایی كرد و نەیتوانی خۆی بگەیەنێتە پاڵەوانیەتییەكە.


وشە - ئامانج ئه‌كره‌م