عومه‌ر شێخ مووس یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ندامی رێكخراوی لێبورده‌یی نێوده‌وڵه‌تی، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و سیاسه‌ته‌كانی په‌یه‌ده‌ی "پێ هه‌ڵه‌یه"، هاوكات پێی باشه په‌یه‌ده و ئه‌نه‌كه‌سه له‌پێناو پاراستنی رۆژئاوا رێك بكه‌ون. له‌و رووه‌وه دووپاتی ده‌كاته‌وه "لایه‌نی سێیه‌میش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاماده‌یه".
شێخ مووس كه سیاسه‌توانێكی ناسراوی كورده دۆخی رۆژئاوای كوردستان له هاوكێشه تازه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به ئاڵۆز و مه‌ترسیدار ده‌زانێت و دووپات ده‌كاته‌وه "هه‌ركات كورد یه‌كگرتوو بووبێت سه‌ركه‌وتووه" بۆ ئه‌وه كۆبانێ به نموونه دێنێته‌وه. به‌ڵام نایشارێته‌وه كه "زۆر له سیاسه‌ته‌كانی په‌یه‌ده هه‌ڵه‌ن".
دۆخی ئێسته‌ی رۆژئاوای كوردستان چۆن ده‌بینی؟
پاش داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن هێزی توركیا، هاوكات رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێیه‌ك بۆ ناوچه‌ی مونبه‌ج و به زۆر ده‌ركردنی په‌یه‌ده، یان (ته‌ڤده‌م) له‌و ناوچه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر ناوچه كوردییه‌كان له سووریا، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ن كه ئێسته ره‌وشه‌كه زۆر ئاڵۆز و مه‌ترسیداره.
ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر په‌یه‌ده پابه‌ندی رێككه‌وتنی یه‌ك و دووی هه‌ولێر و دهۆك بووایه، عه‌فرینیش نه‌ده‌كه‌وت، بۆچوونی ئێوه چییه؟
بێگومان، هه‌موو كاتێك هێزی كوردی یه‌كگرتوو بێت، دوژمن ناتوانێت به‌سه‌ریاندا سه‌ربكه‌وێت، باشترین نموونه شه‌ڕی پاراستنی كۆبانی بوو، ئه‌گه‌ر له كاتی شه‌ڕی عه‌فرینیش ئه‌و یه‌كبوونه‌ی هێزه‌كان هه‌بووایه، گرتنی عه‌فرین زۆر سه‌ختتر ده‌بوو، چونكه شوێنی ستراتیجی ناوچه‌كه خراپتر بوو له هی كۆبانی.
ئه‌و پاڵنه‌ر یاخۆ هۆكارانه چین وا له په‌یه‌ده ده‌كه‌ن دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د بكات، به‌ڵام حزبه كوردییه‌كانی ناو ئه‌نه‌كه‌سه قبووڵ نه‌كات؟
په‌یه‌ده هه‌رگیز پرسی دانوستانی له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای رووخانی رژێمیان نه‌كردووه، به‌ڵكو داوای دیموكراسی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فیدراڵ له سووریا ده‌كه‌ن. وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ئه‌وان رێی سێیه‌میان هه‌ڵبژاردووه، واته نه له‌گه‌ڵ رژێمن نه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵكو ته‌نیا پاراستنی ناوچه‌كانی كوردنشینیان لا گرنگه. به راستیش له مانگی ته‌مووز/یۆلیۆی ٢٠١٢ كه رژێم به رێككه‌وتن ناوچه‌كانی كوردنشینی راده‌ستی په‌یه‌ده كرد، به‌رانبه‌ر به‌وه بوو نه‌هێڵن هێزی ئۆپزسیۆن هیچ جموجوڵێكی مه‌ترسیدار له‌و ناوچانه بكه‌ن، ئه‌م رێككه‌وتنه تا كۆتای ٢٠١٣ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام پاش دروستكردنی پێوه‌ندی و هاوكاری له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و هێزی هاوپه‌یمانان له شه‌ڕی دژ به داعشدا، ئه‌و پێوه‌ندی و هاوكارییه له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د تێكچوو.
ئێسته كه ره‌وشی مان و نه‌مانی هێزی ئه‌مه‌ریكا له سووریا نادیاره، په‌یه‌ده ئاماده‌یی زیاتر نیشان ده‌ده‌ن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د، به‌ڵام هێزه‌كانی كوردی ناو ئه‌نه‌كه‌سه ئه‌ندامن له‌ناو هاوپه‌یمانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه دروشمی گۆڕینی رژێمیان هه‌ڵگرتووه، ته‌نیا له رێی ئه‌وانه‌وه ده‌توانن دانوستان بكه‌ن، ئه‌ویش مه‌گه‌ر له رێی پرۆسه‌ی جنێ و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بێت. هاوكات هێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌لایه‌ن توركیا و قه‌ته‌ر و سعوودیه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی روون پشتیوانی ده‌كرێ. زۆر هه‌وڵ هه‌یه هێزی كوردی رۆژئاوای كوردستانیش هاوكاری بكه‌ن و شاندی یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن بۆ گفتوگۆ له جنێڤ، به‌ڵام زۆر به داخه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
له سه‌روبه‌ندی پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و له‌شكركێشی سوپای توركیا له‌لایه‌ك و سنووردانان بۆ جووڵه‌ی ئێران له سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، له‌لایه‌كی تر، ئه‌م ململانێ نێوده‌وڵه‌تییانه چاره‌نووسی رۆژئاوای كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟ پێتان وایه ده‌بێت كورد له‌وێ چۆن سیاسه‌ت بكات؟
به بۆچوونی من، ده‌بێت هێزی كوردی له رۆژئاوا زۆر وریا بن و هه‌نگاو بنێن بۆ هاوكاری و داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ پاراستنی هێز و ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌ویش له به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره گۆڕانكارییه‌ك بێته پێش. زۆر گرنگ و پێویسته ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه و هێزه‌كانی تری سه‌ربه‌خۆ له قه‌واره‌ی جارانی بیركردنه‌وه‌یان ده‌ربچن و فۆڕم یان شێوه‌یه‌كی نوێ له هاوكاری و یه‌كگرتنه‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده له ناوچه‌كه بدۆزنه‌وه، به تایبه‌تی له سووریا.
به بۆچوونی خۆم داوای ته‌ڤده‌م بۆ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستانی رۆژئاوا و ده‌رچوونی ئه‌نه‌كه‌سه له هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وه‌ك مه‌رجی پێشوه‌خت به هه‌نگاوێكی باش نازانم، له به‌رانبه‌ردا داوای ئه‌نه‌كه‌سه به دروستكردنی مه‌رجه‌عێكی سیاسیی یه‌كگرتوو و چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا وه‌ك مه‌رجی پێشوه‌خت به راست ده‌زانم. بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م هێزی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه ده‌ست به گفتوگۆی نهێنی و دووقۆڵی له نێوان خۆیاندا بكه‌ن، هاوكات هه‌وڵێكی زۆر و خێرا بده‌ن بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن و هاوكاری، چونكه من ده‌زانم هێزی بێلایه‌نی سێێه‌م هه‌یه یارمه‌تییان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌یه‌كی وا بدات.
وه‌ك كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی حزبه كوردییه‌كانی رۆژئاوا كه به‌رده‌وام پێوه‌ندییه‌كانیان گرژ ده‌كات، ئه‌وه‌یه ئه‌ندام و سه‌ركرده‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی په‌یه‌ده ناكۆكن، به‌بێ دادگایی دێته گرتن، ئایا ئه‌مه دیكتاتۆرییه؟
من وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ره‌تایی له ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ (رێكخراوی لێبورده‌یی نێوده‌وڵه‌تی) له ساڵی ١٩٦٣ـوه تا ئێسته، هه‌رده‌م دژی ئه‌وه بووم كه‌سێك بگیرێ یا ئه‌شكه‌نجه بدرێ له‌به‌ر بیر و باوه‌ڕی جیاواز، یان له‌به‌ر ئه‌ندامێتییان له حزبێكی تر، یان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن. من دژی هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێكی نادیموكراتیم، بۆیه له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه ره‌خنه‌م له ده‌سه‌ڵاتی كوردی له باشوور و رۆژیاواش گرتووه كه رێزیان له مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا نه‌گرتووه.
ئه‌مجۆره كارانه به توندی مه‌حكوم ده‌كه‌م و زۆر جار داوام له براده‌رانی په‌یه‌ده كردووه كه هه‌موو گیراوه سیاسییه‌كان ئازاد بكه‌ن و واز له‌م جۆره كارانه بێنن، به‌ڵام زۆر به داخه‌وه تا ئێسته له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته ناڕاسته‌یان به‌رده‌وامن.
به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ڕه‌شه له كورده‌كانی رۆژئاوا ده‌كات به‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان چۆڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا هێز به‌كار دێنێ، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه توركیا بڵاوی كرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتوون كورد له مونبه‌ج بكشێته‌وه و وا جێبه‌جێ ده‌كرێ، ئه‌م رووداوه تازانه چۆن ده‌بینی؟
هیچ هێز و توانایه‌ك له پشتی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌سه‌ده‌وه نین، بۆیه قورسایییان نییه، مه‌گه‌ر رووسیا و ئێران له دژی كورد یارمه‌تی بده‌ن، ئه‌مه‌ش به دوور ده‌زانم، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌سه‌د داوای گفتوگۆ ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندی بۆ قامیشلۆ ناردووه، پرۆسه‌ی جنێڤیش خه‌ریكه په‌ره ده‌سێنێت، بۆ دانانی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ داهاتووی سووریا و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا.
هاتنی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ شنگال چۆن ده‌بینی؟
هاتنی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ شنگال و بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی تری كوردستان پێم باشه، هاتنی هێزی فڕه‌نسا و ئینگلیزم پێ په‌سه‌نده، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه:
١- میله‌تی ئێمه له هێزی وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌پارێزن.
٢- ده‌بنه شاهید و رێگر و چاو‌دێر له كرده‌وه و كای ناڕه‌وای هێزی چه‌كداری ئه‌و وڵاتانه.
٣- میله‌ت و فه‌رهه‌نگی ئێمه له نزیكه‌وه ده‌ناسن، ئه‌مه‌ش زه‌وینه خۆش ده‌كات بۆ لێكتێگه‌یشتن و دۆستایه‌تی له نێوان گه‌له‌كانمان له ئاینده.
٤- دوور نییه هاتنی هێزی له‌شكریی وڵاتی دیموكراتی رۆژئاوایی بۆ كوردستان، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تی بدات بۆ گه‌شه‌كردن، دیموكراتیی و به دامه‌زراوه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا.