وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ لە لیستی مووچە نیگەرانن

:: PM:03:57:03/07/2018 ‌
هەریەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ لە بەرانبەر ڕاگەیاندنی خشتەی مووچەی مانگی نیسان نیگەرانی دەردەبڕن بەهۆی ئەوەی ناوی وەزارەتەكەی ئەوان لە خشتەكەدا نییە.

ئەمڕۆ سێشەم سێ‌ تەمووز، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی مووچەی بۆ مانگی نیسان ڕاگەیاند بەبێ‌ ئەوەی ناوی وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆی تێدا بێت و دابەشكردنی مووچەیش تا 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.

دوای ڕاگەیاندنی خشتەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هێزەكانی ناوخۆ و مامۆستایانی نیگەرانی دەردەبڕن و مامۆستایان ڕای دەگەیەنن، حكوومەت كاری پێیان نەماوە، بۆیە لە لیستی مووچە خراونەتە كۆتایی و پۆلیسی سەر بەوەزارەتی ناوخۆیش نیگەرانن لەو خشتەیە.

لەبارەی خشتەكە، واحید محەمەد سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چاوەڕوانی ئەو خشتەیە نەبوون كە بڵاو بكرێتەوە، چونكە پێشتر حكوومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو یەكەم وەزارەت مووچە بە مامۆستایان بدرێت.

ڕوونی كردەوە كە مامۆستایان مافی خۆیانە نیگەرانی دەرببڕن و لە چەند ڕۆژی داهاتوویش یەكێتی مامۆستایان لەوبارەیەوە كۆ دەبێتەوە.

ڕاگەیاندنی خشتەی دابەشكردنی مووچە لەكاتێكدایە كە مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئیتر وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە یەكەم وەزارەت مووچە وەربگرێت.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم