سبەی كتێبی "هونەری چێشتلێنان" لە هەولێر بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:11:20:04/07/2018 ‌

تارا ئەمین سەپان چێشتلێنەری ناسراو و لێهاتووی كورد، كۆی ڕەنج و بەرهەمی چەند ساڵەی لە كتێبێكدا كۆ كردەوە و بڕیارە لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر بڵاوی بكاتەوە.

كتێبی "هونەری چێشتلێنان" لە نووسین و ئامادەكردنی تارا ئەمین، باس لە شێوازی ئامادەكردنی چەندان جۆر خواردنی كوردەواری و بیانی، بە شیرینی و ژەمە خۆراكی و ساردەمەنییەكانەوە دەكات. 
ئەم كتێبە بەرهەمی ماندووبوونی چەند ساڵەی خاتوو تارایە، بڕیارە سبەی پێنجشەم پێنجی تەمووز لە هۆڵی میدیا لە هەولێر، سەعات چوار تا حەوتی ئێوارە بە ئامادەبوونی خۆی بڵاوی بكاتەوە.

تارا ماوەیەك بەر لە ئێستە لە دیمانەیەكدا بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، لە هەردوو شارەكانی هەولێر و سلێمانی ئەم كتێبەی لە رێوڕەسمی تایبەتدا بڵاو دەكاتەوە، بۆیە ڕۆژی سێشەم سەعات سێی پاش نیوەڕۆ كتێبەكەی لە سلێمانی لە هۆڵی تەوار بڵاو كردەوە، رێوڕەسمەكەی هەولێریشی بۆ سبەی پێنجشەم دانا.

چێشتلێنان لای تارا هونەرە، ئەو پێی وایە "دنیای خواردن زۆر لەوە قووڵترە كە بە رووكەش دەردەكەوێت". بۆیە بەردەوام بەدوای زانیاری زیاتر لەسەر خواردن دەگەڕێت و هەوڵی بەرەوپێشچوونی تواناكانی دەدات، هەروەها لە بارەی ئامانجی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی گوتی: "حەز دەكەم ئەوانەی گرنگیی بە خواردن دەدەن، سوود لەو كتێبە ببینن و لە نزیكەوە بیانناسم".

"تارا ئەمین سەپان" كچی مامۆستا ئەمین سەپانی شاعیر و نووسەری كوردە، ساڵی 1973 لە هەڵەبجە لە دایك بووە، لە شاری سلێمانی ژیانی منداڵی و گەنجێتیشی بەڕێ كردووە، ماوەی 20 ساڵە نیشتەجێی شاری بۆنی ئەڵمانیا بووە، هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی دوو منداڵە.
















وشە - ڕێناس شابان