به‌نه‌خشه‌.. بۆچی توركیا و عێراق له‌سه‌ر بەعشیقە شه‌ڕ ده‌كه‌ن؟

:: PM:04:52:12/10/2016 ‌
كێشه‌كانی نێوان توركیا و عێراق، به‌هۆی "بەعشیقە"ه‌وه‌ تا دێ ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ سه‌ربازی توركیای لێیه‌، كوێیه‌ و هۆكار چییه‌ كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ دروست بووه‌؟

شاره‌دێی "باشیك (به‌عشیقه‌)" ته‌نیا 12 كم له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ دووره‌، ده‌كه‌وێته‌ باشووری شاری دهۆك و باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر، تاكه‌ هێز له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش وه‌ستابێته‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌، له‌گه‌ڵ دوو هه‌زار سه‌ربازی توركیا كه‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی "زه‌لكان" جێگیر بوون، به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچ جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازییان ئه‌نجام نه‌داوه‌.

ئه‌و هێزه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌دا جێگیر بوون، به‌ هه‌ماهه‌نگی بووه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی عێراق، ئه‌مه‌ریكا و ته‌واوی هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی دژی داعش ده‌جه‌نگن. له‌و باره‌یه‌وه‌، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ده‌ڵێ: بە ئاگاداری و ڕەزامەندی وەزیری بەرگری و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، دوو بنكەی مەشق و ڕاهێنان لە "دووبەردان" و "بەعشیقە" لە نزیك شاری مووسڵ كرانەوە، ئەویش بەمەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە.

شاره‌دێی بەعشیقە ئه‌گه‌رچی بچووكه‌، به‌ڵام مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌، شارێكی فره‌نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌، 70% دانیشتووانی ئێزدی، 25%یشی مەسیحی و 5% توركمانن و عەرەبیش بە رێژەیەكی كەم تێیدا نیشتەجێن.

چاودێران كێشه‌ی نێوان عێراق و توركیا له‌ بەعشیقە، بۆ ئه‌و ململانێیه‌ ده‌گێڕنەوە كه‌ به‌هۆی مه‌زه‌وگه‌راییه‌وه‌ دروست بووه‌، پێیان وایه‌، توركیا به‌ پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی سوننه‌ كه‌ سعوودیه‌ ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات و ئه‌مه‌ریكای له‌ پشته‌، ده‌یه‌وێ ڕێگە له‌و پاوانخوازییه‌ی شیعه‌ بگرێ كه‌ مه‌به‌ستییه‌تی به‌ حه‌شدی شه‌عبی مووسڵ ئازاد بكات و ئه‌ویش وه‌ك ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دوای ڕووخانی سه‌دام بۆ به‌غدا كردی، بیكاته‌ شارێكی زۆرینه‌ شیعه‌، له‌كاتێكدا ئێسته‌ به‌ ده‌گمه‌ن شیعه‌ له‌و شاره‌دا هه‌یه‌.



ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌ توركیا "تارق هاشمی" جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌سه‌رده‌می جه‌لال تاڵه‌بانی، بگه‌ڕێننه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ پاڵه‌وانێك بۆ ناوچه‌ سونه‌كان و بنكه‌یه‌كی به‌هێزی سونە لە مووسڵ دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نه‌ ئێران و نه‌ عێراق قبووڵیان نییە‌.

زۆربه‌ی دانیشتوانی بەعشیقە بۆ‌ شاری دهۆك ئاواره‌ بوون، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 داعش داگیری كرد، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمەر‌گه‌ زۆربه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان ڕزگار كرد.

بۆ یه‌كه‌مجار كه‌ ده‌مه‌قاڵێی توند له‌ نێوان عێراق و توركیا له‌سه‌ر بەعشیقە دروست بوو، لە رۆژی سێشەم چواری تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئه‌م ساڵ بوو كه‌ لێدوانی توند لە نێوان بەرپرسانی ئەنكەرە و بەغدا دژی بوونی ئه‌و هێزه‌ی توركیا دروست بوو‌، گرژییەكان گەیشتە ئاستی ئەوەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا و باڵوێزی عێراق لە ئەنكەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە بانگهێشت كران.

له‌ دوایین لێدواندا، دوێنێ سێشه‌م ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، بە زمانێكی هەڕەشەئامێزەوە پەیامی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق نارد و پێی گوت: سنووری خۆت بزانە، سوپای توركیا بە فەرمانی تۆ ناجووڵێتەوە، دەبێ بزانی تۆ كێیت و ئێمە كێین، هەوڵ مەدە سووكایەتیمان پێ بكەی. پێشی ده‌ڵێ: پێشتر خۆتان داواتان لێ كردین بچینە "باشیك" و ئێستە پێمان دەڵێن بڕۆن.

مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هێزێكی توركیا كە لە 150 سەرباز و 25 تانك پێكهاتبوون هاتنە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقەی دەوروبەری مووسڵ و دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كرد و دواتر هێزه‌كه‌ فراوان كرا. توركیا له‌باره‌ی هاتنی هێزه‌كه‌یه‌وه‌ پشتی به‌ رێككه‌وتنی 2007ی نێوان وه‌زیری به‌رگری توركیا و عێراق به‌ستووه‌ كه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ له‌ نێوان جه‌واد بۆلانی وه‌زیری به‌رگری عێراق و به‌شیر ئه‌تالایی وه‌زیری به‌رگری توركیا ئیمزا كرا، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ عێراق ماف به‌ توركیا ده‌دات له‌شكركێشی بۆ قوڵایی خاكی باكوری عێراق بكات، به‌ ئامانجی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌.

وشه‌/ شیكاریی: كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان