كچە قوتابییەك خۆی سووتاند

:: AM:10:42:12/07/2018 ‌
درەنگانی شەوی ڕابردوو كچە قوتابییەك لە شارۆكەی ڕانییە خۆی سووتاند، پۆلیسی ڕانییەیش دووپات لەوە دەكاتەوە، تەرمەكەی دوای توێكاری ڕادەستی كەسوكاری كراوەتەوە و دۆسیەی لێكۆلێنەیشی لەسەر دروست كراوە، بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەكە

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە سەعات 11ـی شەوی ڕابردوو  تەرمی كچە قوتابییەكی تەمەن 15 ساڵ بەناوی "ڕ.ز.ق" دانیشتووی شارەدێی چوارقوڕنە سەربە شارۆكەی ڕانیە، بە سووتاوی گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس هاتووە، دەستبەجێ ئەفسەری ئێشكگری بەشی پۆلیسی ڕانیە و تیمەكانی بەڵگەی تاوان و بنكەی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و ڕێكاری یاسایی گیرایەبەر و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە.

بەگوتەی دایكی كچەكە ڕووداوەكە لە كاتێكدا بووە كە كچەكەیان بە ناوی ئیشكردنی ناو ماڵ چووەتە سەربان، بەڵام لەوكاتەدا لە تانكی نەوتەوە نەوتی كردووە بەخۆیدا و گڕی لە خۆی بەرداوە، بەوهۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە. پۆلیسی ڕاپەڕین وا دەڵێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، تەرمی كچەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری ڕانیە كراوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشكی، ڕێژەی سووتانەكەی %100  بووە، دوای ئەنجامدانی توێكاری تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.

ساڵانە لە كوردستان ژنان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە و نەریتی خێڵەكییەوە پەنا بۆ خۆسوتاندن دەبەن، هەرچەندە ساڵ دوای ساڵ ئەم دیاردەیە ڕووی لەكەمبوون كردووە، بەڵام تا ئێستەیش بنەبڕ نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی حكوومەت هەوڵی زۆر دەدا و دەیان شەلتەری حەواندنەوەی ئافرەتان و ڕێكخراوی تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان بوونیان هەیە.



وشە - رامیار جەواد