هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرا بوو

:: AM:10:52:12/07/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالییان لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرا كرد.

پێرێ سێشەم یانەی ریال مەدرید دوای 9 ساڵ یاریكردن بەفەرمی فرۆشتنی رۆناڵدۆی بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی راگەیاند، گرێبەستەكەش بەهاكەی 105 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ ماوەی 4 ساڵ بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامەی (ئاس)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی رۆناڵدۆ ئاشكرا كرد كە پەپوەندی بە كێشەكانی ئەو ئەستێرەیەوە هەبووە لەگەڵ باجی ئیسپانیا.

رۆژنامەكە زانیاری لە سەرچاوەیەكی نزیك لە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دەستكەوتووە كە دەڵێت "رۆناڵدۆ نەیویستووە چیتر لە ئیسپانیا یاریی بكات، چونكە نایەوێ ژیان لە وڵاتێك بەسەر ببات لەلایەن دەسەڵاتدارانی باجەوە بە تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ بكەن.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە رۆناڵدۆ لە تۆمەتە یەك لە دوای یەكەكانی فەرمانگەكانی باجی ئیسپانیا بێزار بووە و نایەوێ چیتر مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، هەروەها پێشی وابووە كە ئەم تۆمەتانە بوونەتە مایەی شەرمەزای و گورزی كوشندەی لە ناوبانگی داوە.

 رۆناڵدۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەردەوام لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە داوا دەكرێ بەتۆمەتی خۆ دزینەوە لە پێدانی باج كە بڕەكەی 14.7 ملیۆن یۆرۆ بووە لەبەرامبەر ئەو داهاتە داراییانەی لە ریكلام و بڵاوكردنەوەی وێنەكاندا دەستی كەوتووە.

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا بڵاوی كردەوە كە پێشبینی دەكرێ لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا كە رەنگە هەفتەی داهاتوو بێت دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر تۆمەتەكانی باجەكانی رۆناڵدۆ دەربكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م