یەكێتی: هەندێك لایەن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن كەوتوونەتە هەڵەوە

:: PM:04:43:12/07/2018 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچوونی لەبارەی بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە هەولێر خستە روو و ئاماژەی بەوە كرد، لەبارەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان یەكێتی پابەندی رێوشوێنە یاسایی و دەستووریەكان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەولێر دەستی پێ كرد و  سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا هەڵوێستی حزبەكەی ڕاگەیاند.

پیرە لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت، هەر رێوشوێنێك لەچوارچێوەی دەستوور و یاسادا بێت، یەكێتی پابەندی دەبێت و لەبارەی ئەنجامەكانەوە هیچ پەلە ناكەن و چاوەڕوانی ئەنجامی فەرمی دەبن و دووپاتیشی کردەوە، یەكێتی نایەوێت وەك لایەنەكانی تر بكەوێتە هەڵەوە".


هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری ڕابردوو ئەنجام درا، بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراق ناڕازیبوون لەسەر ئەنجامەكەی، دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە بەتایبەت ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە، بەڵام هێشتا ناڕەزایی حزبەكان بەو پرۆسەیە نەڕەویوەتەوە.

دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردن، گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و یەكێتییان بە هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی دەنگدان تۆمەتبار كرد و دووپاتیان لەوە كردەوە، بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕازی نابن، چونكە لە سلێمانی یاری بە ئەنجامەكان كراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم