حكوومەتی سووریا خەریكە درعای لانەی راپەڕین كۆنترۆڵ دەكاتەوە


بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێن كە شاندێكی باڵای رووسیا چووەتە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە شاری درعا لە باشووری ئەو وڵاتە  و دەستیان بە گفتوگۆكردن لەبارەی رادەستكردنەوەی ناوچەكە بۆ فەرمانڕەوایی حكوومەتی سووریا كردووە. 

لەو بارەوە شایەتحاڵەكان ئاماژەیان كرد، دوو زریپۆش كە ژمارەیەك ئەفسەری رووسییان هەڵگرتووە، چوونەتە ناوچەی شیاح لە شارە كۆنەكە و دەستیان كردووە بەگفتوگۆ لەگەڵ ئەفسەرانی سوپای سووریای ئازاد لەبارەی رێككەوتننی رادەستكردنەوەی ناوچەكانیان بۆ حكوومەتی سووریا و گواستنەوەی چەكدارانیان و رادەستكردنەوەی چەكەكانیان، ئەو رێككەوتننەی هەینی رابردوو هەردوولا پێی گەیشتبوون.

پێشتر شایەتحاڵەكان ئاماژەیان كردبوو كە ئۆتۆمبێلەكانی سووریا بەهاوەڵی پۆلیسی سەربازی رووسیا چوونەتە ناو ناوچەیەكی شاری درعا كە ساڵانێكە بەدەستی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەوە بووە، بەمەبەستی هەڵكردنی ئاڵای سووریا تیایدا، لەو كاتەی هێزەكانی حكوومەتی سووریا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە. 

شایەتحاڵەكان دەڵێن كە ئەنجوومەنی شارەوانی درعا كە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچێت، چەند بەرزكەرەوەیەكی تەرخان كردووە بۆ چەقاندنی بناغە و سەكۆی ئاڵاكە لە نزیك ئەو مزگەوتەی یەكەم ناڕەزایەتییەكانی لەدژی فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەد لە ئازاری 2011 تیایدا دەستی پێ كرد. 

لە مانگی رابردووەوە هێزەكانی سووریا بە پاڵپشتیی رووسیا دەستیان بە هێرشێكی فرەوان بۆ سەر پارێزگای درعا لەسەر سنوورەكانی ئوردن كرد كە ساڵانێكە بەدەستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە و بەشی زۆری چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن ناچاری دەستبەرداربوونی ئەو ناوچانە بوون.

چەند بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆن رایان گەیاند كە تا ئێستەیش ژمارەیەك لە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە بەشێكی درعا ماون و گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا دەكەن بۆ دەرچوونیان بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باكوری ئەو وڵاتە.

شایەنی باسە پێشبینی دەكرێت كە لەكاتێكی نزیكدا كاروانێكی گەورەی پۆلیسی سەربازی رووسیا بچنە ناو ناوچەكە كە تا ئێستەیش نزیكەی دوو هەزار چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا خۆیان و خێزانەكانیان لەژێر گەمارۆن لە بەشێكی شارەكە و زۆریان لە ترسی حكوومەتی سووریا دەیانەوێت ناوچەكە جێبێڵن. 

سەرچاوە/ رۆیتەرز    رۆیتەرز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:05:05:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌