داعش بۆچی بەئاسانی لەناو ناچێت؟

:: PM:08:16:12/07/2018 ‌

سەرەڕای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەریدا لەدوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە، تا ئێستەیش تارمایی داعش باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە، شارەزایان هۆكاری مانەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق بۆ ئەو هزر و بیرۆكانە دەگەڕێنەوە كە رێكخراوەكە لەناو مێشكی بەشێك لە خەڵكەكە چاندوویەتی، بێجگە لەوەی تا ئێستەیش دەزگای هەواڵگریی داعش كار دەكات و پێوەست نییە بە بوونی سەربازی رێكخراوەكەوە.

ناوە ناوە هێزە تەناهییەكانی عێراق كردنە ئامانجی خانەكانی داعش لێرە و لەوێ رادەگەینن، لەو كاتەی داعش هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەكەی، پەنای بۆ بڵاوكردنەوەی ریكلامی جیهادكردن لە رێگەی زنجیرەیەك كاری پیشەگەرانەی هونەری و بەرهەمی راگەیاندن برد. 

عەلی جبووری، مامۆستای زانستەكانی رامیاری لە زانكۆی بەغدا بۆ كەناڵی "دی دەبڵیو"ی ئەڵمانی دەڵێت، رەنگە چالاكییەكانی رێكخراوەكە بەشێوەی كردەی تیرۆریستی لێرە و لەوێ بگەڕێتەوە لە رێگەی كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی رژێمی سیاسی و چەند پێكهاتەیەكی ناو كۆمەڵگەی عێراقی و ئاماژەی كرد كە سێ ساڵ لە بڵاوكردنەوەی هزری رێكخراوەكە لە عێراق بەو ئاسانییە لاناچێت.

جبووری ددانی پێدا دەنێت بەوەی رێكخراوەكە لە ئاستێكی بەرزی رێكخستن و ئابووری بوو و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیشی بەشێوەی هەرێمەكان بەڕێوە دەبرد، ئەوەیش وای كرد كە بیر و هزرەكانی توندڕۆی رەگ و ریشە پەیدا بكەن.

ئەو شارەزایە دەڵێت كە لە ساڵانی 2014 -2017 داعش كۆنترۆڵی رووبەرێك زەوی كردبوو لە عێراق و سووریا بەهاوشێوەی رووبەری بەریتانیا بووە، ئەگەرچی تووشی شكستی گەورە بووەتەوە و لە رووی سەربازییەوە نەماوە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە لە عێراق بوونی نەماوە. 

لەبارەی سەرچاوەی هێز و مانەوە و بەردەوامیی رێكخراوەكە شارەزایان دەڵێن، ژێرخانی رێكخستنەكانی داعش لەسەر بنەمای ئەندامانی جیهادی بنیات نراوە كە لەلایەن سەرانی مەیدانی رێكخراوەكەوە بەڕێوە دەبرێن و لە سەرووی هەڕەمەكەیشەوە سەرانی نەناسراوی هەواڵگری هەن كە بە نهێنی كار دەكەن، هەروەها ئەوان پێوەست نین بە بارەگاكانی رێكخراوەكە لە ناوچەكانی لەدەستی داون، بۆیە دەتوانین بڵێین كە بەهۆی شكستەكانی داعش ئەوانە كاریان تێ نەكراوە.

جاسم محەمەد، شارەزای هەواڵگریی عێراقی كە لە ئەڵمانیا دادەنیشێت لەو بارەوە دەڵێت، ئەگەر باسی دەزگای هەواڵگریی داعش بكەین، ئەو تەواو بە نهێنی كار دەكات و بارەگا و سەرانی دەزگاكە لە دەرەوەی مۆڵگە و بارەگاكانی ئەو رێكخراوە بوون.

زیاتر گوتی، توركیا یەكێك بوو لە بارەگاكانی دەزگای هەواڵگریی داعش كە ئەركی سەرپەرشتیكردنی كردەكانی ئەوروپای تیادا دەكرا و لەوێوە راهێنان بەوانە دەكرا كە كردەی تیرۆریستی لە ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

لەو كاتەی زانیارییەكانی چەند راپۆرتێكی رۆژئاوایی تایبەت بە كاروباری سەربازی باسی بوونی كۆمپانیایەك بەناوی "سادات" دەكەن كە بەشێوەیەكی نهێنی لە توركیا كار دەكات و سەرۆكی توركیا سەرپەرشتی دەكات بەمەبەستی راهێنان بە چەكدارانی رێكخراوە توندڕۆكانی سووریا و ئەوانەیشی كردەی تیرۆریستی لە ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

محەمەد لەو بارەوە دەڵێت، شكستی داعش لە عێراق و سووریا كاریگەری نەكردووەتە سەر پەیكەری باڵاكەی كە بریتییە لە بازنەیەكی تەسك و نزیك لە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش، هاوكات شارەزایان دەڵێن كە تا ئێستەیش تۆڕە نادیارەكەی رێكخراوی داعش كار دەكات و پێوەندی بە ئەندامانییەوە هەیە.

هەر لەو بارەوە راپۆرتێكی ئەنجوومەنی پیرانی فڕەنسا ژمارەی تیرۆریستانی دنیا كە پێوەندیان بە ریزەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا كردووە بە 40 هەزار تیرۆریست لە 40 دەوڵەت خەمڵاند.

راپۆرتەكە كە لە 292 لاپەڕە پێك هاتووە و لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجوومەنی پیرانی فڕەنسا بە سەرۆكایەتی سیناتۆر برنارد كازۆ ئامادەی كردووە و هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەكانی هەڕەشەی تیرۆریستی بۆ سەر فڕەنسا دوای شكانی داعش دەكات و دەڵێت، ژمارەی جەزائیرییەكان كە پێوەندیان بە داعش كردووە 200-300 كەس بوونە.

زیاتر دەڵێت، ژمارەی توونسییەكان لە نێوان دوو بۆ سێ هەزار و مەغریبییەكان لە 1600-1700 كەس 700 ئەندەنووسی و 600 میسرین و نزیكەی پێنج هەزاریان راستەوخۆ لە ئەوروپاوە هاتوون كە فڕەنسا پلەی یەكەمی هەیە لە وڵاتانی سەرچاوەی لێوەهاتنی تیرۆریستانن بە زیاتر لە 1300 تیرۆریست و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە 800 تیرۆریست بۆ هەریەكەیان و 500 لە بەلجیكا و 250 لە ئیسپانیا و 100 لە ئیتاڵیا.

هەروەها ژمارەی تیرۆریستانی هاتوو لە رووسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، ژمارەیان دەگاتە چوار بۆ چوار هەزار و 500 تیرۆریست و راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە 19 هەزار و 725 كەس وەك توندڕۆی چالاك لە فڕەنسا پۆلێن كراون لە نێوانیاندا چوار هەزاریان لە قۆناغی بەر لە بوونە تیرۆریستدان و زۆرینەیان لە ناوەڕاستی پاریس دەژین.

بەپێی راپۆرتەكە زیندانەكان گونجاوترین شوێنن بۆ رێكخستنی توندڕۆیان یان كارتێكردنی هزریان و كێشەكەیش سەرەتا ئەو كات دەستی پێ كرد بە زیندانیكردنی ژمارەیەك ئەندامی كۆمەڵەی چەكداری ئیسلامی لە جەزائیر لە ساڵی 2000 كە یەكەم رێكخراوی تیرۆریستی بوو. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل