قه‌بزى له‌ منداڵان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

قەبز بوون یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەو سەردەمە کە زۆربەی کات پزیشکان پێوەستی دەکەن بە بواری دەروونی و ژینگە و شێوازی خواردنی کەسەکان.

هەرچەندە ژمارەی چوونە سەرئاو لە كەسێك بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت، بگرە لە كاتێك بۆ كاتێكی تر لەهەمان كەسدا، بەڵام نزیكەی 95% لە كەسانی لەشساغ ڕێژەیەكی جێگیریان هەیە كە لە نێوان یەك بۆ سێ جار لە ڕۆژێكدا بۆ سێ جار لە هەفتەیەكدایە.

كاتی قەبزی، چوونە سەرئاو یان كەمتر ڕوو دەدات یان ئەوی پیسایی ڕەق و وشكە و بەزەحمەت دەردەچێ. زۆربەی كاتەكان، قەبزی تایبەت نییە بە نەخۆشییەك یان بارێكی نەخوازراوی كۆئەندامی هەرس، بەڵكو، گرفتەكە (قەبزی)، هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ جۆری خواردن، شیوازی ژیانی مرۆڤەكان، بەكارهێنانی چەند جۆرێك دەرمان، یان چەند هۆكارێكی تر كە پیسایی ڕەق و توند دەكەن، یان كاردەكەنە سەر دەرچوونی پیسایی و قورسی دەكەن.

له‌و نێوه‌نده‌دا قەبزی لە منداڵاندا یەکێکە لە کێشە و تێکچوونە ھەرە باوەکان کە تیایدا کەسەکە لەکاتی پیسایی کردندا زۆر بە زەحمەت و ئێش و ئازارەوە پیسایی دەکات، پیسایی کەسەکەیش زۆر وشکە، قەبزی كێشەیەكی باوە لە منداڵان، لەهەر (10 – 5) منداڵێك یەكێكیان تووشی دەبێت. 

زۆر ھۆکارى جۆراوجۆر ھەن کە دەبنە ھۆی قەبزی لەوانە گۆڕان لە شێواز و بەرنامەی خۆراکی کەسەکەدا.

ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك دایكان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ زۆرێک لەم ھۆکارانەی دەبنە ھۆی قەبزی لە منداڵاندا کاتین و پێویستە وا لە منداڵ بکرێت کە ئەو خۆراکانە بخوات دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەكان و زیاتر سەوزەمەنی و میوەکان بخۆن.

هه‌ر دایك و باوكێك ئه‌م نیشانانه‌ى خواره‌وه‌ى له‌ منداڵه‌كه‌ى بینى بزانێت تووشى قه‌بزى بووه‌:

نیشانەکانی قهبزی لە منداڵاندا بە شێوەیەکی گشتی جیاوازن له‌ نیشانه‌كانى قه‌بزى له‌ گه‌وره‌دا کە بریتین لەوانەی خوارەوە‌:

1. زۆر کەم چوونە ئاوده‌ست بە جۆرێ لە ھەفتەیەکدا تەنیا سێ جار یا کەمتریش.

2. گرانی و ناڕەحەتی پیسایی کردن بەھۆی ئەوەی کە زۆر وشکە.

3. بوونی ئازار لەکاتی پیسایی کردندا.

4. بوونی ئازار لە ناوچه‌ى سك و حه‌وزدا.

5. زۆر ڕشانەوە دواى پیسایى كردن.

6. لە ھەندێ حاڵەتدا منداڵه‌كه ‌لە کاتی پیساییەکەدا خوێن دادەنێت  كه‌ ئه‌مه‌یش ڕوویدا پێویسته‌ به‌په‌له‌ بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت.

بەشێوەیەکی ئاسایی قەبزی مەترسییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام کاتێ دوو ھەفتە زیاتر بخایەنێت و ئەم نیشانانەیش وه‌ك(تا - ڕشانەوەی توند -  بوونی به‌رده‌وامى خوێن لە پیساییەکەدا - ھەڵئاوسانی  سک - کەمبوونی کێش - بوونی قڵیش لە کۆمدا)، ده‌ركه‌وتنى ئه‌مانه‌ لە منداڵه‌كه‌دا جێگەی مەترسییە.

هەندێك لێكۆڵینەوە قەبزی منداڵ دەبەستنەوە بە كەمی لاكتۆز، هەربۆیە دەتوانرێت كەمی ئەو ماددەیە لەڕێی خواردنەوەی وەک شیر و بەرهەماكانی پڕبكرێتەوە، به‌مه‌یش منداڵ له‌ قه‌بزى به‌ ڕیژه‌یه‌كى باش ڕزگارى ده‌بێت.

یاخوود ده‌توانى به‌ پێدانى رووەکی شمڵى، كه‌ گژوگیایەكی ساڵانەیە بە ڕووناكی گەشە دەكات و گەڵایەكی سەوزی هەیە لەگەڵ گوڵێكی سپی،  نزیكەی دوو بۆ سێ مەتر بەرز دەبێت، تۆیەكی بچووكی ڕەنگ زەردی مەیلە و قاوەكی دروست دەكات و لەهەر خانەیەكدا نزیكەی 10 بۆ 20 تۆو هەڵدەگرێت، جیالەوەیش شمڵی چەندان پێكهاتەی گرنگی تێدایە وەكو پرۆتین، چەوری، ریشاڵ، ئاسن، مەگنیسیۆم، مس، مەنگەنیز، فۆسفۆر، ڤیتامین B6، به‌ شێوه‌ى سووپ به‌ منداڵى بده‌یت چاره‌سه‌رێكى باشه‌ بۆ قه‌بزییه‌كه‌ى.

ده‌بێت هه‌موو دایكان وریاى ئه‌وه‌ بن كه‌ زیاد بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی بۆ كاتێكی درێژ و بە شیوەیەكی بەردەوام وا دەكات كە ڕیخۆلەكانت لەسەر ئەم دەرمانانە رابێت و بە بێ ئەو دەرمانانە نەتوانرێ پرۆسەكە بەئەنجام بگات و لە كۆتادا وەك خووی لێ بێت و منداڵه‌كه‌  نەتوانێ بەبێ ئەم دەرمانەنە بژیت.


وشە - محەمەد میران


PM:09:16:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 3525 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌