شرۆڤەكارێك: شۆڕشی سووریا كەوتە بەر رەحمەتی خودا

:: PM:09:43:12/07/2018 ‌

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەم دووپاتی كردەوە كە سوپای سووریا توانوویەتی پارێزگای درعا لە باشووری ئەو وڵاتە لە چەنگی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەربێنێت و تەواوی سنوورەكانی سووریا- ئوردن كۆنترۆڵ بكاتەوە.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی هەردوو پارێزگای درعا و قنێتڕە لە چەكداران گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و تا ئەو ساتەیش پارێزگای درعا نزیكەی بەتەواوەتی ئازاد كراوەتەوە. 

دووپاتی كردەوە، هێزەكانی حكوومەتی سووریا بەتەواوەتی كۆنترۆڵی سنوورەكانی ئەو وڵاتەیان لەگەڵ ئوردن كردووە و رێگەیان بۆ هاتوچۆ ناودەوڵەتی رەخساندووە.

هەر لەو بارەوە رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی"ی ئیسرائیلی وتارێكی شرۆڤەكاری ئیال زیسەر، نووسیاری ئیسرائیلی بڵاو كردەوە كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە شۆڕشی سووریا بەبێ گەیشتن بە ئامانجەكانی كۆتایی هات و ئۆپۆزسیۆن گرەوەكەیان دۆڕاند، دوای ئەوەی ئەمەریكا ئەوانی نائومێد كرد. 

دوای حەوت ساڵ لە جەنگێكی سەخت و فڕەلایەن و وێرانبوونی وڵاتەكە و كوژران و ئاوارەبوونی سەتان هەزار لە خەڵكەكەی، بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا سەركەوتووانە دەركەوتەوە و دووبارە دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتەكە سەپاندەوە دوای لەدەستدانیان و نزیكبوونەوە لە كەوتنی یەكجارەكی، ئەوەیش بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێران و گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانەوە.

زیسەر لەو بارەوە دەڵێت، هەفتەی رابردوو لە شاری درعا لە باشووری سووریا كە ئاگری ناڕەزایەتی و راپەڕینی سووریا بەر لە حەوت ساڵ لەوێوە دەستی پێ كرد، لەگۆڕنانی شۆرشی سووریا هاتە راگەیاندن و یاخیبووان كە كۆنترۆڵی شارەكە و دەوروبەریان كرد، ئاڵای سپیان بەرز كردەوە و خۆیان رادەستی ئەسەد كردەوە، چونكە ئەوان لە سایەی بەردەوامیی هێرشەكانی ئاسمانی رژێمی سووریا و رووسیای هاوپەیمانی هەر لە سەرەتاوە هیچ هەلێكی سەركەوتنیان نەبوو.  

ئەو نووسەرە روونی كردەوە، ناپاكیی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن كاریگەری لەسەریان زۆر بوو، چونكە بەر لە شەشە مانگ كاتێك ئەمەریكا بەڵێنی دابینكردنی پاراستنی پێدان، كەچی لە ساتێكی هەستیاردا رێككەوتننی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتن، سەرۆكی رووسیای بە باشتر زانی و رێگەی بە بەشار ئەسەد دا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی باشووری سووریا و بەرزاییەكانی جۆلان.

زیسەر روونی دەكاتەوە، ئیسرائیل لای خۆیەوە بە دووبارە گەڕانەوەی هێزەكانی ئەسەد بۆ سنوورەكانی لە بەرزاییەكانی جۆلان رازی بووە و بەهەر حاڵ ئیسرائیل نەیدەتوانی بەر لە پێشڕەوی هێزەكانی ئەسەد بگرێت تەنیا بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەبێت كە تا ئێستە ئەنجامی نەداوە.

شایەنی باسە بەشار ئەسەد و حافز ئەسەدی باوكی لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو هەوڵیان داوە ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سنوورەكان لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزن و بەشار ئەسەد لە ماوەی ساڵانی دواییدا جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە ئەو كارەی كردووە، تەنانەت كاتێكیش ئیسرائیل هێرشی كردە سەر ئامانجەكانی ئێران و حزبوڵای لبنانی لەسەر خاكی سووریا.

ئێستەیش ئەسەد لە جەنگی سووریا سەركەوتوو هاتە دەرەوە، بەڵام سەكەوتنێكی ناتەواو، چونكە پێویستی بە ساڵانێكە تا وڵاتەكەی ئاوەدان بكاتەوە و سوپاكەی بنیات بنێتەوە، جیا لەوەیش تا ئێستە چارەنووسی بەدەستی هاوپەیمانەكانیەتی كە سەركەوتنەكەی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە و لە سەروویانەوە رووسیا و ئێران و حزبوڵای لبنانی كە مەترسییەكە بۆ ئیسرائیل لێرەوەیە، چونكە ئەسەد بەتەنیا بۆ سنوورەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو گرووپەكانی سەر بەئێرانیش دەگەڕێنەوە.

راستە كە ئیسرائیل داوای دوورخستنەوەی ئەو گرووپانەی لە ناوچە سنوورییەكانی كردووە وەك قۆناغی یەكەم تا وەدەرنانیان لە سووریا دواتر، بەڵام ئەو داوایەی تەلئەبیب تەنیا بە پاڵپشتی و هاوسۆزییەوە لەلایەن مۆسكۆ و ئەمەریكا وەڵام دراوەتەوە بێ هیچ بەڵێن و پابەندییەك بە جێبەجێكردنی. 

بەپێچەوانەیشەوە رەنگە وەڵامەكان لای ئەو نەخوازراو بووبن لەوانە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كە باسی شەرعیەتی بوونی ئێران لە سووریا دەكات و شتێكی مەنتیقی نییە كە پێشبینی پاشەكشەی هێزەكانی لە سووریا بكەین. 

روونە كە كەس ناتوانێت ئێرانییەكان لەو ناوچە سنوورییە و لەهیچ ناوچەیەكی تری سووریا وەدەر بنێت، چونكە ئەوان دەیان ملیۆن دۆلاریان خەرج نەكردووە و سەتان كوژراویان بۆ ئەوە نەداوە كە تەنیا لەسەر داوای ئیسرائیل سووریا جێبێڵن.

لە كۆتاییدا زیسەر دەڵێت، گەڕانەوەی هێزەكانی ئەسەد بۆ بەرزاییەكانی جۆلان مانای گەڕانەوەی هێمنی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە نییە، چونكە رەنگە ئێرانییەكان ئەو ناوچەیە بۆ یاریكردن بەكار بێنن نەوەك تەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، بەڵكو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكایش، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل ئێستە بەتەنیا لە پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە سووریا دەوەستێتەوە. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل