دواى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له 55 ساڵ له كوژرانى عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێبه‌رى شۆڕشى 14 ته‌مووز، دوێنێ له به‌غدا شوێنێك وه‌ك مه‌زارى ئه‌و ده‌ستنیشان كرا، چونكه پێشتر له‌لایه‌ن نه‌یاره سیاسییه‌كانیه‌وه ته‌رمه‌كه‌ى ون كراوه و بێ گۆڕ بوو.
پێگه‌ى
سۆمه‌رییه نیوز بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ڕه‌وتێكى سیاسى به ناوى ڕه‌وتى قاسم له گۆڕستانى ناوچه‌ى مه‌عاملى شارى به‌غداى پایته‌خت، شوێنێكیان وه‌ك مه‌زار و گۆڕى عه‌بدولكه‌ریم قاسمى رێبه‌رى كوده‌تاكه‌ى ساڵى 1958 ده‌ستنیشان كردووه كه له مێژووى عێراقدا ئه‌م كوده‌تایه به شۆڕشى چوارده‌ى ته‌مووز ناسراوه.
قاسم له كوده‌تاى 1963 له‌لایه‌ن قه‌ومییه‌كان و حزبى به‌عس كوده‌تاى به‌سه‌ر كرا و كوژرا، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه ئه‌و گۆڕى نه‌بووه و تا ئێسته نازانرێت ته‌رمه‌كه‌ى له كوێ نێژراوه، به‌ڵام مه‌زنده‌یه‌كى زۆر هه‌یه كه له رووبار فڕێ درابێت.
عه‌بدوڵا حامد قاسم كه برازاى عه‌بدولكه‌ریم قاسمه و ئێسته خۆى وه‌ك ئه‌میندارى گشتى ره‌وتى قاسمییه‌كان ده‌ناسێنێ، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باسى ئه‌وه‌ى كردووه، ته‌رمه‌كه‌ى قاسم له‌و شوێنه نێژراوه كه دوێنێ ئه‌وان به فه‌رمى وه‌ك مه‌زارى قاسم ناساندوویانه، دواتر به‌عسییه‌كان لاشه‌كه‌یان له گۆڕه‌كه ده‌رهێناوه و فڕێیان داوه‌ته ناو رووبار‌ى دیاله.
عه‌بدولكه‌ریم قاسم ناسراو به "زه‌عیم" له ساڵى 1914 له دایك بووه، له ساڵى 1958 له چوارده‌ى ته‌مووز كوده‌تایه‌كى به‌سه‌ر رژێمى پاشایه‌تى كرد له عێراق، له هه‌شتى شوباتى 1963 كوده‌تایه‌كى له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه به‌سه‌ر كرا و رۆژى دواتر كوژرا.