كلیپەكەی ڕۆژین هه‌وادارانی سەرسام دەكات

:: AM:10:16:14/07/2018 ‌
خاتوونە سترانبێژی ناوداری باكوری كوردستان رۆژین، دوێنێ دوا كلیپی خۆی بڵاو كردەوە و لە ماوەیەكی كەمدا لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و میدیاكان دەنگدانەوەی زۆری دروست كرد و هەوادارانی سەرسام كردووە.

ڕۆژین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سترانی "چنكا و ڤیڤكا" نوێترین بەرهەمی هونەریمە و بە كلیپێكی جوانەوە بڵاومان كردەوە، بەردەوامیش دەبم لە كاری هونەری و بە هەموو زاراوەكانی زمانی كوردی دەمەوێ ستران بچڕم و بۆ من هیچ زاراوەیەك جیاوازی لە نێوانیان نییە.

ئەو سترانبێژە هەوادارێكی زۆری لە باكور و باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان هەیە و خەڵكی بە تەواوی سترانە هەڵپەڕكێكانی سەرسامن. ئەو گوتی، خۆشحاڵم كە خەڵكی كاردانەوەی باشیان بەرانبەر كارەكانم هەیە و منیش ئەو بەرهەمانەی دەیخەمە ڕوو، هەمووی بەهۆی خۆشەویستی جەماوەرەكەمەوەیە.

كلیپە نوێكەی ڕۆژین ستایلێكی جیاوازە و چەند ئەكتەرێكی بیانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن و بەشێك لە هەوادارانیشی بە كلیپێكی "ورووژێنەر" ناوی دەبەن، لە بەشێكی كلیپەكەیش رۆژین لەگەڵ گرووپێكی كچان دەردەكەوێ و وەك پاشان لەسەر تەختی شاهانە دانیشتووە.

ڕۆژین لە ساڵی 1980 لە شاری ئەدەنەی باكوری كوردستان لە دایك بووە و تا ئێستە حەوت ئەلبوومی سترانی بڵاو كردووەتەوە و لە دوو فیلمی سینەماییشدا بەشداری كردووە، سترانی "هێ شاێیی" ناودارترین سترانەكانییەتی و لە ساڵی 2003 بەرهەمی هێناوە و هەوادارێكی زۆری بۆ كۆ كردووەتەوە.

هەولێر/شاخەوان شێخانی.













وشە - باز ئه‌حمه‌د