خیانەتەكەی دایكی.. كچەكەی لە مانگی هەنگوینی تووشی تەڵاق كرد

:: PM:01:02:14/07/2018 ‌
شارا دوای دووساڵ لە پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئازەر هاوسەرگیرییان كرد و ماڵێكی خنجیلانەیان پێكهێنا، بەڵام ناپاكییەكی دایكی ئاشكرا دەبێ و دوو هەفتە دوای گواستنەوەی، تەڵاق دەدرێ و بەرەو ژیانێكی تاڵ و پڕ لە خەم و ڕەشبینی هەنگاو دەنێ.

ئەو كچە ئێستە لە ماڵی مامیەتی و دوای دوو هەفتە ڕۆیشتن بۆ توركیا، بە مەبەستی بەسەربردنی مانگی هەنگوینی لەگەڵ هاوسەرەكەی، بەسەر خەم و هەڵوەشانەوەی ژیانی تازە هەنگاوی نا، شارا بۆ "وشە" گوتی، من بوومەتە قوربانی كاری دایكم و بە قورسترین شێوە باجی كارەكەی ئەو دەدەم، خەون و ژیان و منیشی لە گۆڕ نا و هەموو خێزانەكەیشمانی لەناو برد.

زیاتر گوتی، باوكم كەسێكی خراپ بوو، لە هەر شوێنێك كاری دەكرد، بەدوای ژنێكیش دەگەڕا تا ماوەیەك خۆی پێوە خەریك بكات، بەڵام دایكم خراپ نەبوو، هەرچەند ناپاكی باوكمی دەزانی، بەڵام لەبەر ئێمە بێدەنگ دەبوو و ناڕاستەوخۆ ئەوەی بە باوكم دەگەیاند، كە ڕازییە بەمشێوەیە بۆ هەمیشە هاوسەری یەكتر بن.

ئێمە پێنج منداڵین، سێ برا و دوو خوشك، خوشكەكەی ترم هاوسەرگیری كردووە و لە دەرەوەی وڵاتە، ئاگری ئەم كارەساتە ئەوی نەسووتاند، چونكە لە ماڵی خەزووری دوورە و ناتوانن بە توانج مێشكی تێك بدەن و هاوسەرییەكەیان هەڵبوەشێننەوە، دەنا ئێستە ئەوانیش وەك من خەسوو و خەزووری دەبوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژیانیان. شارا وای گوت.

دایكی ئەو كچە لە تۆڵەی ناپاكییەكەی پیاوەكەی، پێوەندی لەگەڵ پیاوێكی دووكانداری نزیك ماڵی خۆیان بەستووە و مۆبایل و فەیسبووكی هەبووە و شارا دەڵێ، لە دوور و نزیك پێوەندیم بەو كارە نەبووە و هیچ كاتیش بە خەیاڵم نەهاتووە دایكم كارێكی لەوشێوەیە بكات، چەندان ساڵە بەیەكەوە لە ماڵ بووین، هیچ كات هەستم نەكردووە، تەلەفۆن یان پێوەندی لەگەڵ كەسێك هەبێ.

شەوێك باوكی شارا لەو كاتەی خێزانەكەی كە دەكاتە دایكی شارا لەگەڵ خۆشەویستەكەی قسە دەكات، بەسەر ڕووداوەكە دەڕوات و هەموو شتێكی ئاشكرا دەبێت، شارا ئەو شەوە بە شەوە شووم و نەفرەتییەكە ناو دەبات و دەڵێ، درەنگانی شەو بوو براكەم تەلەفۆنی كرد كە زوو بگەمەوە ماڵەوە، چونكە دنیا وا خراپ دەبێ، منیش بە پەلە گەیشتم وامزانی كەسێكمان مردووە، بەڵام كە گەیشتم خیانەتەكەی دایكم ئاشكرا بووبوو.

ئەو دەڵێ، باوكم هێندە لە دایكمی دابوو، هەموو گیانی لە ناو خوێن سوور دەچووەوە، مامم و خاڵەكانم لەوێ بوون و باوكم بە هەموو دەنگی خۆی هاواری دەكرد كە شەرەف و كەرامەتی بردووە، وەك ئەوەی ئەو خیانەتانەی ئەو كردوویەتی كارێكی ئاسایی بووە، بەڵام ئەوەی ئەو كردی هاتەوە سەر ڕێی خۆی، كاتێك لە دەرگای خەڵكی داوە، ئیتر خەڵكیش لە دەرگای ئێمەی دایەوە.

بۆ بەیانی هەواڵەكە لە هەموو شوێنێك بڵاو بووەوە و سەرجەم خزمەكانمان تێگەیشتن، بە تایبەت ماڵی باوكی هاوسەرەكەم، دایكی بە ئازەری گوتبوو لەوێ فڕێی بدە و خۆت وەرەوە، تا ئەویش وەك دایكی تووشی كارەساتی لەو شێوەیەمان نەكات، دوای بیستنەوەی ئەو قسانە زانیم، بە ئاگری دایكم منیش دەسووتێم و ژیانم دەبێتە دۆزەخ.

شارا زیاتر دەدوێ و گوتی، دایكم تەڵاق درا و لە ماڵی خاڵمە و ئەو پیاوەشی پێوەندی لەگەڵ هەبوو بۆ توركیا ڕای كردووە، ئێمەیش لە ماڵی ماممین و هەركات مامۆژنم بێتاقەت دەبێ، بابەتی دایكم باس دەكاتەوە، ماڵی خەزووریشم دوای رووداوەكە هاتنە ماڵی مامم و گوتیان كچەكەتان تەڵاق دەدەین و ئابڕووبەرە.

شارا لای مەلا و دیوەخانی عەشایەری تەڵاقی وەرگرتووە و ماوەتەوە دادگا بڕیاری لەسەر بدا، بەڵام ئازەر و شارا هەردووكیان دژی ئەو كارەن، كەچی ئازەر نە دەتوانێ قسەی ماڵەوە بشكێنێت، نە دەشیەوێ دەست لە من بەربدات، هەر چۆنێك بێ، تازە خۆری ئێمە ئاوا بوو، من و دایكم و هەموو ژنێك دەبینە قوربانی كۆمەڵگایەك كە بۆ پیاو هەموو شتێك بكات، جێی دەستخۆشییە و قبووڵكراوە، بەڵام بۆ ژن بە ناشتنی ژیانی بە زیندوویی كۆتایی دێت.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د