پاشماوەیەكی ئەنفال دوای 30 ساڵ تەنیایی كۆچی دوایی كرد

:: PM:03:33:14/07/2018 ‌
پیاوێكی بە ساڵاچوو كە تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی بەهۆی شاڵاوی ئەنفال شەهید كران، لە پاش 30 ساڵ لە تەنیایی گیانی لە دەست دا.

مام ڕەجەب ساڵح مستەفا تەمەن 75 ساڵ، یەكێكی تر لەو بەساڵاچووانەی كە ماوەی 30 ساڵ بە تەنیا لە ژوورێكدا دەژیا، گیانی لە دەست دا و لە لە گوندی جەلەمۆرد زێدی باپیرانی بە خاك هاتە سپاردن.

سێبور عەلی كە خزمێكی نزیكی مام ڕەجەبە بۆ "وشە" گوتی، دوای ئەوەی ڕژێمی لە ناوچووی بەعسی ڕووخاو، شاڵاوی ئەنفالی لە ناو سەرجەم گوندەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، لە گوندی جەلەمۆرد سەربە شارەدێی ئاخجەلەر لە قۆناغی چواری ئەنفالدا 478 هاووڵاتی لە رۆژی هەشتـی نیسان تا سێـی ئایاری 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال كران.

 لەم قۆناغەی شاڵاوی ئەنفال 70 كەس لە بەساڵاچووان لە توێژی گەنجان و منداڵان جیاكرانەوە و گواسترانەوە بۆ گرتووخانەی نوگرە سەلمان لە بیابانی سەماوە، بەساڵاچووان لە پاش تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پرۆسەی ئەنفالدا ئازاد كران.

سێبوور گوتی، مام ڕەجەب ساڵح لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا هاوسەر و سێ مناڵی لە دەست داوە، كە كوڕە گەورەكەی باوكی سێ منداڵ بووە ئەنفال كراون.

مام رەجەب لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردودا كە بەتەنیا لە ژوورێكدا لە لادێكەی خۆی ژیاوە بەهاوكاری خزمان پێویستییەكانی ژیانی رۆژانەی بۆ دابین كراوە، بۆ تاهەتایە چاوی لێك نا و بەبێ‌ دەنگی كۆچی دوایی كرد و خەمی شاڵاوی ئەنفال فرمێسكی لەچاوی نەهێشتبوو ئەوە سێبوور وای گوت.





وشە - رامیار جەواد