ئه‌گه‌رچى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان "هه‌ده‌په" له هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیادا ده‌نگه‌كانى زیادى كرد، به‌ڵام له به‌شى زۆرى شاره كوردییه‌كاندا ده‌نگه‌كانى كه‌می كردووه و پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌نگى به‌رز بووه‌ته‌وه. به بڕواى سیاسه‌توان و شاره‌زایانى كاروبارى توركیا، كوردى باكور بارودۆخى ئاسایی‌یان ده‌وێت ئه‌و په‌یامه‌شیان به هه‌ده‌په دا.
ڕۆژی 24ی حوزه‌یرانی ڕابردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی توركیا به‌ڕێوه چوو، هه‌ده‌په توانى به‌ربه‌ستى 10%ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت و 11,64%ی ده‌نگه‌كان به ده‌ست بهێنێت كه ده‌كاته 67 كورسیی په‌رله‌مانی توركیا. به‌ڵام هه‌ده‌په نه‌یتوانیوه له شاره كوردییه‌كانی وه‌ك وان، ئاگری، ئیدر و هه‌كاری، له ڕۆژئاواش شاری شڕنا‌خ و ماردین زۆرینه‌ی كورسییه‌كان به‌رێت، به‌ڵكو نیوه یان كه‌متر له نیوه‌ی كورسییه‌كانی بردووه.
محه‌مه‌د بازیانى شاره‌زا له كاروبارى توركیا، ئاشكراى ده‌كات كه هه‌ده‌په له ماوه‌ى ڕابردوودا به سیاسه‌تى ئینكاریكردن و به‌رانبه‌ر وه‌ستانه‌وه سیاسه‌تى كردووه، ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ی بازیانی واى كردووه "به‌رده‌وام دۆخى نائاسایى و نه‌خوازراو له شاره كوردییه‌كان هه‌بێت كه له سوودى كورد و هه‌ده‌په نه‌بوو".
زیاتر گوتى، "هه‌ده‌په له دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێت بزانێت هاووڵاتییانى كورد بێزار بوون و ژیان و گوزه‌رانى ئاسایی‌یان ده‌وێت و چیتر سیاسه‌تى توند و به‌ربه‌ره‌كانێیان ناوێت."
ئاستی كه‌می ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په له به‌شێك له شاره كوردییه‌كان به‌م جۆره‌یه، له غازی عه‌نتاب له كۆی 14 كورسی هه‌ده‌په یه‌ك كورسی و ئاكه‌په هه‌شت كورسییان به ده‌ست هێناوه و له ئورفا كه زێدی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیشه، له كۆی 14 كورسی ته‌نیا چوار كورسیی به ده‌ست هێناوه.
له شاری ئادیامان له كۆی پێنج كورسی هه‌ده‌په یه‌ك كورسی، له ئه‌سكه‌نده‌روونه له كۆی 11 كورسی ته‌نیا یه‌ك كورسی و له شاری ئه‌لازیخی باكوری كوردستان كه زێدی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشه، ئه‌ردۆغان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به ڕێژه‌ى 70.4% به ده‌ست هێناوه و ده‌كاته چوار كورسی له كۆی پێنج كورسی. كه‌چی ده‌میرتاش ده‌نگه‌كانی له شاره‌كه‌ی خۆیدا 6.44% ناكاته یه‌ك له‌سه‌ر چواری كورسییه‌ك.
عه‌لى ئاتالان په‌رله‌مانتارى پێشووى هه‌ده‌په له په‌رله‌مانى توركیا به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، زیادكردنى ده‌نگه‌كانى كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جێى ڕه‌زامه‌ندیى خه‌ڵكه، به‌تایبه‌ت له شاره توركییه‌كانى وه‌ك ئه‌نكه‌ره و ئیسته‌نبوڵ.
ئه‌و ده‌ڵێ، "كه‌مكردنى ده‌نگى هه‌ده‌په له هه‌ندێ له شاره كوردییه‌كان پێوه‌ندیى به‌و سته‌مه‌وه هه‌یه كه ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ى له ماوه‌ى ڕابردوودا خستوویه‌تییه سه‌ر گه‌لى ئێمه له باكور و ترساندن و تۆقاندنیان نه‌ك خه‌ڵك له سیاسه‌ته‌كانى هه‌ده‌په نیگه‌ران بووبێت".
له شاری ئامه‌د كه به پایته‌ختی باكوری كوردستان ده‌ناسرێت له كۆی ١٢ كورسی، هه‌ده‌په نۆ كورسی به ده‌ست هێناوه و ئاكه‌په سێ كورسی، له ماڵاتیا هه‌ده‌په له كۆی شه‌ش كورسی هیچ كورسییه‌كی نه‌هێناوه و ئه‌وانیتر بۆ ئه‌كه‌په و جه‌هه‌په چوون.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كه‌مكردنی ده‌نگی كورد بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌شێكی زۆری كاندیده‌كانی هه‌ده‌په كه 23%ی ده‌كات تورك بوون، ئه‌مه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه له‌ناو ده‌نگده‌ری كورددا، به‌و پێیه‌ی به‌شێك له‌و كاندیده توركانه له ناو باكوری كوردستان زۆر ناسراو و به‌رچاو نه‌بوون.
ئارام عه‌لى شاره‌زا له كاروبارى توركیا بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه، هه‌ده‌په ئه‌و په‌یامه‌ى له هه‌ڵبژاردندا وه‌رگرت كه چیتر سیاسه‌تى په‌كه‌كه له‌ناو شاره‌كان و به‌رانبه‌ر ئه‌كه‌په و ئه‌ردۆغان شكستخواردووه و پێویستى به سیاسه‌تێكى نه‌رم و پڕ گفتوگۆ هه‌یه جێبه‌جێى بكات.
زیاتر گوتی، "خه‌ڵكى باكور دوو ساڵه له‌ژێر بارى سیاسه‌تى بارى نائاسایی و به سه‌ربازیكردنى شاره‌كانیان ژیان ده‌كه‌ن، بێزار بوون و داوا ده‌كه‌ن هه‌ده‌په به جۆرێكى تر سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بكات كه ژیانى ئاسایى بۆ شاره‌كانیان بگه‌ڕێته‌وه."
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال