چاودێری كۆمەڵایەتیی سلێمانی: 103 ژن لە ماڵی داڵدەدانی ژنان سوودمەند بوونە

:: PM:07:44:15/07/2018 ‌

بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی رای گەیاند كە ژمارەی ئەو ژنانەی لە خزمەتگوزارییەكانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێكراو سوودمەند بوون بریتین لە103 ژن و 34 منداڵ و دووپاتی كردەوە كە ئەوانەی روو دەكەنە خانەی داڵدەدان, زیاتر كێشە كۆمەڵایەتییەكانن.

ئەمڕۆ یەكشەم عومەر گوڵپی،‌ بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌‌ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاری ئاماری شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2018 بەرێوەبەرایەتییەكەیانی‌ خستە ڕوو. 

گوڵپی ئاماژەی كرد، ژمارەی ئەو ژنانەی سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەكانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێكراو، بریتین لە103 ژن و 34 منداڵ كە ژمارەی ئەو ژنانەی‌ ئێستە لە ماڵی داڵدەدانی ژناندان، بریتین لە 31 ژن و 12 منداڵ و ئەوانی تر كێشەكانیان چارەسەر كراوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەكانیان.

بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند, ئەو ژنانەی كە پەنا دەبەنە بەر خانەی داڵدەدان, دوای ئەوەی لە ڕێگەی لیژنەی تایبەت دڵنیا بووینەوە لەوەی كە ئەو ژنە كێشەی هەیە، ئەوكات دەست بە ڕێكارەكان دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

زیاتر گوتی, كاتێك چارەسەری كێشەكە بۆ ژنێك دەكرێت، دوو فلتەر هەیە كە وا دەكات رێگە بە گەڕانەوەی ژنەكە بدرێت بۆ ماڵەكەی, یەكەم رێگەدان لەلایەن دادگاوە كە دەبێت دادگا دڵنیا بێتەوە بەوەی ئەو ژنە پارێزراو دەبێت ئەوكات ڕێگە دەدات, دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆمانەوە كە بەڵێننامەیەكی لێ وەردەگیرێت دڵنیامان بكاتەوە كە بچێتەوە ماڵ سەلامەت دەبێت.
 
گوڵپی روونی كردەوە، لەبەر ئەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی رێگە بە چاودێریكردن نادات، بۆیە لە دوای گەڕانەوەی ئێمە چاودێری ناكەین، بەڵام تەنیا دەتوانین ئامۆژگاری بكەین و ئاماژەی كرد، ئەوانەی روو دەكەنە خانەی داڵدەدان, زیاتر كێشە كۆمەڵایەتییەكانن.

بەپێی ئامارەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان لەماوەی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵدا لە سلێمانی هیچ حاڵەتێكی كوشتنی ژن تۆمار نەكراوە، بەڵام لە بەرامبەردا حەوت ژن خۆیان كوشتووە.

شەونم تاهیر, توێژەری بواری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند, ئەو ژنانەی بەهەر هۆكارێك ڕوو دەكەنە خانەكانی داڵدەدان، دەكرێت لەدوای گەڕانەوەیان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوسەرەكانیان كۆتای بە كێشەكانیان بێنن، چونكە هەردەم كێشەكانی نێوان ژن و مێرد دەكرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت.

زیاتر گوتی, ژیانی هاوسەری پڕیەتی لە قوربانیدان و لێخۆشبوون, كاتێك لایەك هەڵەیەك دەكات، ناكرێت بە هەڵە وەڵام بدرێتەوە, ئاماژەی كرد، خانەی داڵدەدان لە كۆمەڵگەی ئێمە بووەتە عەیبە، بەڵام هەر شتێك چارەسەرێكی هەیە, هەر ئەو كێشەیەی كە دروست دەبێت بە هەمان شێوە ئەو ژن و مێردە دەتوانن دۆخەكە بگەڕێنەوە بۆ پێش ڕوودانی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل